بەهرۆز جەعفەر: دەزگای ستاندارد سەرچاوەكانی ناڕاستن و ختووكەی ئەو بابەتانە دەدەن كە بەرپرسە باڵاكان داوای دەكەن

بەهرۆز جەعفەر: دەزگای ستاندارد سەرچاوەكانی ناڕاستن و ختووكەی ئەو بابەتانە دەدەن كە بەرپرسە باڵاكان داوای دەكەن
توێژەرێك لە شاری سلێمانی ڕەخنەی توندی لە دەزگای بەناو توێژینەوەی (ستاندارد) گرت كە مەسعود عەبدولخالق خاوەندارێتی دەكات و ئاشكرای كرد كە لە خراپترین بۆ هەرە دیموكراتیترین وڵاتی دونیا، ڕێگە نادەن دەزگایەك بە شێوەی (ستاندارد) كار بكات.

بەهرۆز جەعفەر، توێژەر و چاودێری سیاسی لە سلێمانی، نووسینێكی بە ناونیشانی (دەزگای ستاندارد، کاری میدیایی دەکات یان ڕێکخستنی نهێنی؟) و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: ”لە هەرە خراپترین بۆ هەرە دیموکراتیترین وڵاتی دونیا، ڕێگە نادرێت سایت و دەزگایەکی وەکو (ستاندارد) بەو شێوەیە كار بكات“.

ڕوونیشی كردۆتەوە كە ”من هیچ شتێکی شەخسی یان بوغزێکم بەرانبەر هیچ دەزگا و کەسێک نییە، بەڵام کاتێک کەسگەل و دیاردەیەک پەیدا دەبن بە ناوی توێژینەوە و زانست و دەزگای میدیاییەوە خەریکی کاری دیکەن! یان ئەوەی لە مێشک و دەروونی خۆیاندا هەیە بە ناوی (سەرچاوەیەک)ی نادیار و نەزانراوەوە بڵاوی دەکەنەوە، ئەمە هیچی لەو تۆکسین و ماددە خراپانە کەمتر نییە کە لە مەرزەکانەوە بۆ دەرخواردانی خەڵکی کوردستان دێتە ناوەوە.“.

ئاماژەشی بەوە داوە كە ”لە زانستی ڕاگەیاندن (هەواڵ) دەبێت فاکت بێت، واتە ڕاستییەكی ڕوون بێت) نەک ڕای تایبەتیی کەسیی. کەچی لەوەتەی ئەم سایت و دەزگای بەناو (ستاندارد!!)ە هەیە، لە (١٠) هەواڵو هیچ هەواڵێکی ڕەگەزی هەواڵیی تێدا نییە، لە (١٠٠) هەواڵ، هەر هەمووی یان زۆر بەکەمی سەرچاوەکەیان دیار و باوەڕپێکراوە“.

بەهرۆز جەعفەر تێبینییەكی دیكەی لەسەر دەزگاكە بە ”خیانەت“ ناو بردووە و دەڵێت: ”جگە لەوەی داڕشتن و لایەنی زمانەوانی و خاڵبەندی Punctuation تێیدا زۆر لاوازە، لەگەڵ ئەوەشدا زمانی نووسین تەواو نییە، زمانی نووسین نابێت زمانی قسەکردن بێت، بۆ نموونە دەبێت بوترێ (دەبێتە هۆی نەک دەبتە هۆی) بۆیە دەڵێم خیانەت، چونکە میدیا ڕۆڵی هەیە لە مراندنی زماندا. بەداخەوە زۆرجار لە شێوازی نووسین و دەربڕینەکانی بەڕێوەبەری دەزگاکە (مەسعود عەبدولخالق)دا ئەمە هەیە“.

ئەو توێژەرە نایشارێتەوە كە ”بە تەواوەتی هەست دەکەی دوای برنج و فاسۆلیا خواردنەکە، سیاسییەکی باڵا تەلەفۆن بۆ دەزگاکە دەکات کە ختوکەی پرسێک بدەن، ئەمانیش دێن بە ناوی هەواڵ و کاری میدیاوە دنەی ئەو پرسە دەدەن کە سیاسییەکان دەیانەوێت، بۆ نموونە دەنووسن (فڵان حزب خراپی لێ قەوماوە، لەوە دەچێ فیسار کەس سزا بدرێت، سەرچاوەیەک پێی گوتین کە دۆخەکە خراپتر دەبێ و تادوایی)“.

بەهرۆز جەعفەر دووپاتی كردۆتەوە، کاری ئازادیی ڕادەربڕین یان کاری نووسین و ڕاگەیاندن ئەمانەتێکی ئەخلاقییە و بابەتی ئیتیک دەبێت ئامادەیی هەبێت. ئەمە مانای وانییە تۆ هەر کاتێک هەر شتێک بە مێشکتدا هات، یەکسەر بیخەیتە سەر پەڕە و بڵاوی بکەیتەوە.

لە كۆتاییشدا نووسیویەتی: ”هەست و هەڵوێست کەسیی و ئەزموونی خۆم ئەوەیە، چۆن دەبێت چاودێریی سەرهەڵنەدانەوەی داعش بکەین، ئاوهاش پێویستە ڕێگە نەدرێت میدیایەکی بەناو ئەهلی وەک ئەوانەی دوو دەیەی پێشووی کوردستان سەرهەڵبداتەوە“.

مەسعود عەبدولخالق، خاوەنی دەزگای (ستاندارد)، بە یەكێك لە خۆفرۆشترین ئەو كەسانە ناسراوە كە لە ژێر ناوی میدیادا خەریكی كاری سیخوڕین، پێشتر لە مانگی ئابی ٢٠١٩دا لە بارەگای دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران لە شاری ورمێ بینراوە و بەردەوامیش باس لەوە دەكرێت كە ئەو كەسە دەزگاكەی بۆ خزمەتی نەیارانی هەرێمی كوردستان و زیانگەیاندن بە قەوارەی كوردستان بەكار دەهێنێت.

پێشتریش (باسنیوز) ئاشكرای كرد كە سەید مەجید، پێشمەرگەی دێرینی یەكێتی، بەسەرهاتێكی مەسعود عەبدولخالقی بۆ هەندێك كەس ئاشكرا كردووە، ئەو كاتەی لە ساڵی ١٩٨١دا کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتی لە گوندی وەرتێ بوو، سەید مەجید لەگەڵ دکتۆر کەمال خۆشناو، سەید کەریم، ئیبراهیم جەلال و عەلی محەمەد، لەگەڵ ژمارەیەکی تری پێشمەرگە لەوێ بوون، مەسعود عەبدولخالق ئەوکات پێشمەرگە بووە لە دەستەی سەید مەجید. برادەرانیان زانیارییان هەبووە کە مەسعود عەبدولخالق بە نهێنی چووەتە ڕانیە و لەگەڵ ئەمنی عێراقی لە ڕێگەی سوار ئاغای پشدەری کۆبووەتەوە، لیژنەیەكی لێکۆڵینەوە دانراوە و دوای لێکۆڵینەوە بڕیار دراوە لەسێدارە بدرێت. بەڵام سەید مەجید بە حوکمی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی ناوچەكە، حەزی لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە نەبووە، یەکسەر بە نهێنی مەسعود عەبدولخالقی ئاگادار كردووەتەوە و ڕێگەی دەربازبوونی بۆ خۆش كردووە تا بگەڕێتەوە ناو حکوومەت، ئەویش گەڕاوەتەوە و لە لای سوار ئاغا تا ڕۆژی ڕاپەڕین یاریدەری مستەشاری جاش بووە لە فەوجەکەی سوار ئاغا.












باسنیوز




Top