مەسرور بارزانی: حکومەت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی کوردانی ئێزدی
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، لە دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ لەپێناو کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانی کوردانی ئێزدی، دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.
مەسرور بارزانی باسی لەوە کردووە، "ئێزدییەکان پێکهاتەیەکی رەسەن و گرنگی گەلی کوردستانن. هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانیی لە داوا رەواکانیان دەکات و سەدان پێشمەرگەش لەپێناو رزگارکردنی شنگالدا شەهید بوون. بۆیە پێویستە دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئارامیی بۆ ئەم دەڤەرە بگەڕێتەوە".
لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا ئەوەشهاتووە، نادیە موراد وێڕای جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ژن و کچە رفێنراو و شوێنبزرکراوەکانی کوردانی ئێزدی، ئازادکردنیان و گەڕانەوەی رووفاتی تەواوی قوربانییانی گوندی کۆچۆ، داواشی کرد بە زووترین کات رێکەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت، ئەوەش لەپێناو سەقامگیربوونی دادپەروەری و ئاشتی لە ناوچەکەدا".
لە دیدارەکەدا هەروەها جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش - یونیتاد کرا بۆ بەدیهاتنی دادپەروەریی بۆ قوربانییانی کوردانی ئێزدیی دەستی تیرۆریستانی داعش.
کۆبوونەوەکە رۆژێک دوای گەڕاندنەوەی 104 رووفاتی کوردانی ئێزدیی گوندی کۆچۆ دێت کە لە رێوڕەسمێکدا بەخاکسپێردران. هەر لەوێ نەوزاد هادی، نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ رزگارکردنی هەموو رفێندراوانی ئێزدی.
نادیە مورادیش لەو رێوڕەسمەدا بەشداربوو، ئەو کە هاوکات باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێشتا کچ و ژنی ئێزدی بێسەروشوێنن. بەتەواوەتی ئارامی نەگەڕاوەتەوە شنگال. ماوەیەک لەمەوپێش هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەنگاوێکیان بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ شنگال نا، بەڵام پێویستی بە هەنگاوی کردەییە بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بگەڕێنەوە."
هاوکات کەریم خان، سەرۆکی تیمی یونامی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە عێراق بە رووداوی گوت: "لە قۆناخی یەکدا ئەنجامی پشکنینی 104 روفات دەرچوون و ناویان راگەیێندراوە. بڕیارە ماوەیەکی دیکە ئەنجامی پشکنینی ئەوانەی ماون دەربچێت و بگەڕێنرێنەوە شنگال و کۆچۆ".
rudaw -
