ژنێک هەوڵی خنکاندنی کچەکەی دەدات و دەستگیردەکرێت
نورجان سەرچە، ئەو ژنەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ئەشکەنجەی کچە 14 ساڵانەکەی خۆی دەدات، بە بڕیاری دادگە خرایە بەندیخانە و پرۆسەی دادگاییکردنی بەردەوام دەبێت. رووداوەکە دوێنێ شەممە 7ی شووباتی 2021 لە پارێزگای کۆجائەلیی تورکیا روویدا.
وەزارەتی خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا رایگەیاند، رێکارە یاساییەکان لەگەڵ دایکەکە بەردەوام دەبن و منداڵەکانیشی لای دەوڵەت پارێزراون و لە بەشە ناوخۆییەکاندا جێگیرکراون.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا نورجان سەرچە، دەستی ناوەتە گەرووی کچەکەی، کچەکە هاوار دەکات دایە... دایە... بەڵام دایکی زیاتر ئازاری دەدات و هەوڵی خنکاندنی دەدات.
ئەو گرتەڤیدیۆییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. دایکەکە هەر دوێنێ 6ی شووباتی 2021 دەستگیرکرا بردرایە دادگە.
تیمەکانی ئاسایش دوای دەستگیرکردنی سەرچە بەدوای ئەوە کەسەدا گەڕان کە گرتەڤیدیۆییەکەی تۆمارکردووە. لە ئاکامدا خەیرەدین بەهار، هاوژینی نیکاحیی سەرچە بە تۆمەتی تۆمارکردنی ساتی ئەشکەنجەدانەکە دەستگیرکرا و خرایە گرتووخانە. خەیرەدین تەنیا لەڕێی مارەبڕینی مامۆستای ئایینییەوە هاوسەرگیریی لەگەڵ سەرچە کردووە و زڕباوکی منداڵەکانە.
نورجان سەرچە بەر لەوەی دەستگیربکرێت وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و رایگەیاند؛ "ئەم تووندوتیژییەی بەکارمهێناوە هیچ روونکردنەوەیەکی نییە و من هەڵە بووم، بەڵام ئەوکاتە زۆر تووڕەبووم."
لەبارەی هۆکاری ئەشکەنجەی کچە 14 ساڵانەکەی، نورجان سەرچە گوتی "کچەکەم کە تەمەنی 14 ساڵە و بچووک نییە، کە هاتمەوە ماڵەوە بینیم لە دەرەوەی شوققەکەمان میزی دەکرد و لەوکاتەشدا چەند کوڕێک لە دەرو دراوسێ بە گاڵتەوە سەیریان دەکرد، من کە ئەو دیمەنەم بینی خۆمم لەدەستدا".
سەرچە ئاماژەیکرد هاوژینەکەی خەیرەدین بەهار بە دەستی ئەنقەست ساتی ئەشکەنجەدانی کچەکەی تۆمارکردووە، هاوکات گوتی:"ئەمە دووەمین هاوژینمە و منی خستە بۆسەوە. ئەگەرنا من ساڵانێکە منداڵەکانم بەخێو دەکەم".
سەرچە دەڵێ، کە گرتە ڤیدیۆکەم بینییەوە بڕوام نەکرد کە ئەوە منم لە کچەکەم دەدەم، هەروەها نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەی ئەوکاتەی لە کچەکەی دەدات، کچەکەی هاوار دەکات دایە.. دایە...!
بڕیارە ئەم هەفتەیە دانیشتنی دادگایی نورجان سەرچە و خەیرەدین بەهار بەڕێوەبچێت.
rudaw -
