51٪ـی دانیشتووانی پارێزگای سنە لە گەڕەکە پەراوێزخراوەکاندان
دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە لە سەرما و گەرمادا بە دەست نەبوونی هەموو جۆرە کێشەیەکی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن و لە لایەن حکومەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەک شارەوانییشەوە بە تەواوی پشتگوێ خراون.
محەممەد قادری، هاونیشتمانییە و دەڵێت: "لەم گەڕەکانە ناپرسنەوە. گوێی خۆیان لێ خەواندووە. نە بە زستاندا ژیانمان هەیە نە بە هاویندا. زستانان لەبەر قوڕ و چڵپاو و هاوینانیش لەبەر تەپوتۆز."
بەپێی دوایەمین ئاماری رێکخراوی ئاوەدانکردنەوە و بیناسازیی پارێزگای سنە، 51٪ـی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە لەو گەڕەکانەدا دەژین کە لە رێژەی مامناوەندی توانای خزمەتگوزاری کەمتریان بۆ دابین کراوە و بە گەڕەکی پەراوێزخراو دەناسرێن.
هەرزانبوونی نرخی ماڵ هەم لە کڕین و فرۆشتندا و هەم بۆ کرێ هۆکارێکە بۆ ئەوەی خەڵکێکی زیاتر بە تایبەت ئەوانەی کە لە گوندەکانی دەوروبەری شارەوە دەچنە نێو شار و کەسانی کەمداهات و هەژارن، روو لەو گەڕەکانە بکەن.
ئەحمەد محەممەدی، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت: "ئەم گەڕەکە گەڕەکێکی پەراوێزنشین و بێکارن، خەڵکەکەی دەسەڵاتی هیچیان نییە و لە رۆژدا بەشی نان و ئاوەکەیان دەرناهێنن. شارەوانی هیچ خزمەتێکی نەکردوون."
بەشێکی زۆری ئەو خانووانە نەک هەر پێداویستیی خزمەتگوزاری وەک ئاو و گاز و تەلەفۆنیان نییە، بەڵکو لە کاتی رووداوە نەخوازراوەکاندا لە بوونی کووچە و کۆڵانێکی ستاندارد و خانوویەکی جێی متمانەیش بێبەشن.
ئەوان دەڵێن ژیانی کرێکارێک کە لە مانگێکدا تەنیا چەند رۆژ کاری دەست دەکەوێت، بەشی دابینکردنی هەموو پێویستییەکی خێزانێک ناکات.
محەممەد رەسووڵی دەڵێت: "لەبەر بێکاری و نەبوونی دەسەڵاتم نییە ماڵەکەم چیمەنتۆ بکەم. هیچ کارێکم نییە. لە مانگێکدا دوو-سێ رۆژ کرێکاری هەیە."
منداڵان و مێرمنداڵانیش کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە پێک دەهێنن، لە خوێندنی باش و خزمەتگوزاریی شوێنی یاریی منداڵان بێبەشن.
شارەوانی بە بیانووی بیناسازیی نایاسایی و نەدانی رسووماتەوە نەک تەنیا هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ ئەو گەڕەکانە ناکات، بەڵکو ئەو شوێنانەیش کە پێشتر بۆ یاریی منداڵان دابین کرابوون، بەهۆی گرنگیپێنەدانی شارەوانییەوە وردەوردە داگیر کراون و شوێنێک بۆ یاریی منداڵان نەماوەتەوە. ئەوەیش خەریکە زیانێکی زۆری کۆمەڵایەتیی لێدەکەوێتەوە.
رۆژبەرۆژ دانیشتووانی گەڕەکە پەراوێزخراوەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاد دەبن و هیچ جۆرە گرنگیدانێک لە لایەن حکومەتەوە بە داهاتووی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە نابینرێت.
rudaw -
