پەرلەمانتارێكی گۆڕان: مامەڵەی راستەوخۆی سلێمانی لەگەڵ بەغدا دەبێتە هۆی لەتكردنی هەرێمی كوردستان

پەرلەمانتارێكی گۆڕان: مامەڵەی راستەوخۆی سلێمانی لەگەڵ بەغدا دەبێتە هۆی لەتكردنی هەرێمی كوردستان
ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت كە لەگەڵ ئەوەدا نییە سلێمانی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات و ئەم بیرۆكەیە بە هۆكاری لەتكردنی هەرێمی كوردستان دەزانێت.

پاش ئەوەی ڕۆژنامەی (ئەلسەباح)ی فەرمیی عێراقی لە زاری ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاشكرای كرد كە هەوڵێك هەیە بەو ئاراستەیەی لە بودجەی ٢٠٢١ی عێراقدا ماددەیەك جێگیر بكرێت و بەهۆیەوە بتواندرێت سلێمانی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكات.

لە بەرامبەردا بەھار مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی پارێزگای سلێمانی بە بەغداوە داواکارییەکە تاوەکوو ئێستا جێگەی نەکراوەتەوە و تەمەنا دەکەین شتی وا ڕوونەدات، چونکە “ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن بکات و ھەموو فراکسیۆنە كوردستانییەكان پێکەوە دەنگ لەسەر ڕێککەوتنەکە بدەین”.

ئەوەشی ئاشكرا كرد: “خودی خۆم لەگەڵ ئەو پیشنیارەدا نیم پارێزگای سلێمانی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە بەغداوە ھەبێت، چونکە زیانی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەڵام کاتی ئەوە ھاتووە لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بە گشتی كار بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بكەن، چونکە ژیانی خەڵکی باش نییە و قەیرانی دارایی تەنگی بە ھاوڵاتییان ھەڵچنیوە”.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان كە یەكێكیشە لە ئەندامانی هاوپەیمانیی هیوا، نایشارێتەوە كە “مامەڵەی ڕاستەوخۆی سلێمانی بە بەغداوە پێشنیارێکی واقیعی نییە و ھەرێمی کوردستان لەت دەکات، بۆیە خودی خۆم لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا نیم”.












باسنیوز


Top