فەرماندەیەكی پێشمەرگە: داعش سوودی له‌ بۆشایی ئه‌منیی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان وه‌رگرتووه‌

فەرماندەیەكی پێشمەرگە: داعش سوودی له‌ بۆشایی ئه‌منیی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان وه‌رگرتووه‌


فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، كه‌ چه‌كدارانی داعش سوودیان له‌ بۆشایی ئه‌منیی ناوچە كوردستانییەكان وه‌رگرتووه‌ و پێشمه‌رگه‌ش ڕێ له‌ پێشره‌وی داعش ده‌گرێ.

ئه‌مڕۆ شه‌مممه‌ 6/2/2021، عەمید جمور رۆستەم، جێگری لیوای 3ـی پیادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، راگەیاند: "هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری ناوچە كوردستانییەكان بە هۆی جموجوڵەكانی داعشەوە هەمیشە لە ئامادەباشیداین و رێگە نادەین كە داعش بە هیچ شێوەیەك پێشڕەوی بكات بۆ سەر ئەو ناوچانەی كە پێشمەرگەی لێیە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بە هۆی لاوازیی هێزە عێراقییەكانه‌وه‌، تیرۆریستانی داعش زیاتر لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، دەستیان بە جموجۆڵ و كردوەی تیرۆریستی كردووە".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی لەوەكرد :" ژمارەی دیاریكراوی چەكدارانی داعش لە سنووری ناوچە كوردستانییەكان ئاشكرا نەبووە، بەڵام هاتوچۆ دەكەن و كردوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن."

لێدوانی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە لە كاتێكدایە، كە ئەمڕۆ شەممە 6ی 2ی 2021، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردووە كە 10 هەزار چەكداری داعش لە عێراق و سووریا ماون و زۆرینەیان لەعێراقدان.




باسنيوز
Top