بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش: تۆمەتبارانی كەیسی دزینی پێنج كیلۆ زێڕ و ٢٥ ملیۆن دینارەكە دەستگیر كران
دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێك بەسەر دزینی بڕێكی زۆر زێڕ و پارە لە زێڕەنگرێكی سنووری شارۆچكەی بەردەڕەش، لە لایەن پۆلیسەوە تۆمەتبارەكان دوو تۆمەتبار دەستگیر كرانز
ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی ١ی ٢٠٢١، هاووڵاتییەك بە ناوی ئیبراهیم گۆران كە دانیشتووی سەنتەری بەردەرەشە و دووكانی زێڕەنگری لە ناحیەی ڕووڤیا هەیە، لە لایەن چەند كەسێكەوە لە نێو ئۆتۆمبێلێكی جۆری (تویوتا - هیلوكس)، جامی ئۆتۆمبێلەكەی دەشكێندرێت و جانتاكەی كە بڕی پێنج كیلۆ زێڕ و ٢٥ ملیۆن دیناری تێدا بووە، دەدزرێت.
دزییەكە بە جۆرێك بووە كە كاتێك زێڕەنگرەكە دەچێتە لای قەسابێك بۆ كڕینی گۆشت، تۆمەتبارەكان ئۆتۆمبێلەكەیان لە تەنیشت ئۆتۆمبێلەكەی دەوەستێنن و دزییەكەیان دەكەن.
عەمید شێخ سەعدی بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای بەردەڕەش بە (باسنیوز)ی راگەیاند كە دوای بەدواداچوونی وردیان و سەیركردنی كامێراكانی چاودێری، بەڵێنمان بە خەڵكی دا كە دەبێت لە سێ ڕۆژدا تۆمەتبارەكان دەستگیر بكەین، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی دهۆك و ئاسایش، كامیرای چاودێریی بازگەی چەمە تواندراوە ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەكان دەستنیشان بكرێت.
ئەوەشی روون كردەوە كە بە هاوكاری لەگەل بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی كوردستان و پۆلیسی هەولێر و پۆلیسی شەقڵاوە، كەسێك دەستگیر كرا كە ئۆتۆمبێلەكەی بەناوەوە بووە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلە دوو ساڵ بووە فرۆشراوە و هێشتا لە هاتوچۆ فرۆشتنەكەی تۆمار نەكراوە.
گوتیشی: ”لە بەردەوامیی بەدواداچوونەكانمان تواندرا خاوەنی ئێستای ئۆتۆمبێلەكە بە ناوی (ه.ج) و كەسێكی دیكە بە ناوی (س.ح) دەستگیر بكرێن، هێشتا دوو تۆمەتباری دیكەی كەیسەكە ماون و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.
باسنيوز
