پەرلەمانتارێكی یەكێتی: بۆ سەقامگیریی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان حکوومەتی عێراق هەنگاوی هەڵنەگرتووە
بەپێی زانیارییەكان لە دوێنێ سێشەممەوە تاكوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 3/2/2021، داعش لە سنووریەکانی خانەقین، خورماتوو، مەخموور و كەركووك هێرشی کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق كە بەهۆیەوە چەند چەكدارێك لە هێزە ئەمنییەكان كوژراون و بریندار بوون.
لە سەر ئاستی عێراق لە ناوچە كوردستانییەكان چەكدارانی داعش چالاكیی تیرۆریستیان زیاتر بووە و بەرپرسانی كوردیش ئەوە دەخەنە ڕوو تاكوو پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو سنوورە ئەو چالاكییە تیرۆریستیانەی داعش بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3/2/2021، ناسر ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەكێتی و بڕیاردەری لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هۆكاری كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش ئەوەیە كە ئێستا هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان نییە، ئەوەش وای كردووە كە بۆشایی ئەمنیی دروست بێت، حكوومەتی عێراق و هێزەكانی سوپا و هێزەكانی تری پۆلیسی فیدڕاڵی و حەشدی شەعبی کە هەندێکیان هاوكارن لەگەڵ گرووپە توندڕەوەكان و ئەوەش بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو كوردانەی ماوەنەتەوە لە ناوچەكە بە بیانووی داعشەوە دەیانتۆقێنن تاكوو سنوورەكەیان چۆڵ بكەن و هەندێكی تریشیان راستە داعشن، بەڵام هەندێكیان بەناوی داعشەوە كردەوەی توندوتیژی دەكەن".
ئەو پەرلەمانتارە روونیشی كردەوە: "وردە وردە نزیكی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش دەبینەوە و ئیتر جموجۆڵی داعشیش زۆرتر دەبێت"
ناسر ئەحمەد گوتیشی: "بۆ باشبوونی دۆخی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار داوای كردووە و لەڕێگای وەزارەتی پێشمەرگەوە هەنگاوی ناوە بۆ چارەسەركردنی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان، هەروەها چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراقیش كراوە بۆ ئەوەی چوار ناوەندی هاوبەش لە خانەقین، كەركووك، مەخموور و سنووری مووسڵ، پێک بهێنن، بەڵام لایەنی عێراقی نەهاتووەتە پێشەوە".
(باسنیوز) زانیویەتی كە دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە لە ناوچەی نەفتخانەی سەر بە خانەقین لە ئەنجامی پەلامارێكی داعش، پێنج چەكداری حەشدی شەعبی كوژران، ئەمڕۆ چوارشەممە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لەلایەن هێزە ئەمنییە عێراقییەكانەوە دژ بە داعش ئەنجام دراوە و ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە ناوە بە ناوە لە سنووری كەركووك و خورماتووش دەکرێت، بەڵام شارەزایانی سەربازی ئەوە دەخەنە ڕوو كە ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە رووكەشین و لە ناوچەكان كۆتایی بە داعش ناهینێن.
باسنیوز
