ناسڕ هەرکى: سبەى لەگەڵ سەرۆکوزیرانى عێراق دۆخى ناوچە کورستانییەکان تاووتوێ دەکەین

ناسڕ هەرکى: سبەى لەگەڵ سەرۆکوزیرانى عێراق دۆخى ناوچە کورستانییەکان تاووتوێ دەکەین


ئەندامێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند بڕیارە سبەى لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق دۆخى ئەمنیى چەند ناوچەیەکى عێراق تاووتوێ بکەین، لە نێویشیاندا دۆخى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێم.

د. ناسڕ هەرکى، بڕیاردەرى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق راگەیاند: "بڕیارە پاشنیوەڕۆی سبەی چوارشەممە لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق لەگەڵ مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق، کە هاوکات فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراقیشە، بۆ تاووتوێکردنى دۆخى ئەمنیی چەند ناوچەیەکى عێراق و پێویستى ئەنجامدانى گۆڕانکارى و هۆکارى تێکچوونى دۆخى ئەمنیی لە عێراق و تەقینەوەکانى ئەم دواییەى بەغدا".

راشیگەیاند: "ئامانج لە کۆبوونەوەکە باشترکردنى دۆخى ئەمنیى شارەکان و ئەنجامدانى هەماهەنگى زیاترى نێوان هێزەکان بەتایبەت لە نێوان هەردوو حکوومەتى هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ کۆنترۆڵکردنى دۆخى ئەمنیى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" دۆخى ئەمنیى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم یەکێکى دیکەیە لە تەوەرى گفتوگۆکانمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران، هەروەها رێککەوتنى شنگال کە تائێستا نەچووەتە بارى جێبەجێکردنەوە تەوەرێکى دیکەى گفتوگۆکان دەبێ".






باسنيوز
Top