شاندی هەرێمی کوردستان بە پێگەیەکی بەهێزترەوە دانوستان لەگەڵ بەغدا درێژە پێدەدات

شاندی هەرێمی کوردستان بە پێگەیەکی بەهێزترەوە دانوستان لەگەڵ بەغدا درێژە پێدەدات
ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمان عێراق بۆ رێککەوتن لەسەر پڕۆژە یاسای ٢٠٢١ی عێڕاق بەردەوام بوو. پەرلەمانتارێکی کوردیش لە بەغدا ئاماژە بەوە دەدات شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەی خۆی بۆ جێبەجێکردنی هەموو پابەندبوونە دەستووریەکان دەربڕیوە و بە هەبوونی پلانی (B) یەوە، پێگەی لە دانوستانەکانی لەگەڵ بەغدا بەهێزتر بووە.

بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بە زیاتر لە 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار دیاریکرابوو، پێشتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی لەسەر ئەو پرسە رێکەوتن، بەڵام لە چوارچێوەی هەموارکردنەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەو ڕێژەیە بۆ 12.67%ـی بودجەی فیدراڵی خەرجکراوی ساڵی 2021 کەمرایەوە، لەگەڵ ئەوەش تاوەکو ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ دواین ڕێژە و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنە دەستووریەکانی سەر ئەستۆی هەرێمی کوردستان ڕێکنەکەوتوون، دانوستانەکان درێژەیان هەیە و وابڕیارە ئەمڕۆش بەردەوام بێت، کە چاوەڕوانکراوە هەفتەی داهاتوو بۆ دەنگدانی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەکە بخرێتە بەردەم پەرلەمانتارانی عێراق.

لەمبارەوە شێروان جەمال دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، ڕای گەیاند، شاندی هەرێمی کوردستان بە پێگەیەکی بەهێزترەوە دانوستانی لەگەڵ لیژنەی دارایی بەغدا درێژە پێدەدات، چونکە ئێستا پلانی Bی هەیە و لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن ئەوە دەتوانێ بە داهاتی ناوخۆیی بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی کوردستان ئامادە بکات، ئەوەش مەیسجێکە بۆ لایەنە دەسەڵاتدارەکانی شیعە کە ئەگەر لەمپەر بۆ ڕێکەوتنەکان دروستبکەن لە پەرلەمان یان حکوومەت ئەوە هەرێمی کوردستان پلانی خۆی هەیە و بە داهاتی ناوخۆیی دەتوانێ بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی کوردستان و مانگانە بەپێی داهاتی بەردەستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، گووتیشی “ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە لە رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل و نیوەی گومرگەکان و هەرچی لە دەستووردا لە ئەستۆی هەرێمی کوردستان بێت ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بە شێوەیەک هیچ بیانویەکی نەهێشتووەتەوە بۆ لایەنە عێراقیەکان، هەتاوەکو بشکرێت هەرێمی کوردستان لەگەڵ رێکەوتنە لەگەڵ بەغدا، بەڵام لە دۆخێکدا ئەگەر ڕێکەوتن ڕوونەدات یان لەمپەر دروست بکرێ، ئەوە هەرێمی کوردستاتن رای گەیاندووە کە پلانی خۆی هەیە و دەتوانێ بە داهاتی ناوخۆیی خۆی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات، ئەو پلانەش پێگەی هەرێمی کوردستانی لە دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا بەهێزتر کردوە”.












باسنیوز


Top