سەركردەیەكی پارتی: مانشێته‌که‌ی رۆژنامه‌ی سەباح دەریدەخات هێشتا پیلانگێڕیی ١٦ی ئۆكتۆبەر بەردەوامە

سەركردەیەكی پارتی: مانشێته‌که‌ی رۆژنامه‌ی سەباح دەریدەخات هێشتا پیلانگێڕیی ١٦ی ئۆكتۆبەر بەردەوامە
ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات، هه‌وڵه‌کانی فرۆشتنی سلێمانی ده‌ستی پێکردووه‌ و مانشێتەكەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی فەرمیی حكوومەتی عێراق دەریدەخات كە هێشتا پیلانگێڕیی ١٦ی ئۆكتۆبەر بەردەوامە.



لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢١ی ڕۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی عێراقیدا لە زاری ڕێكەوت زەكی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە ئاشكرا كرا كە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەنە ڕێككەوتن، ماددەیەك لە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق جێگیر بكرێت تاوەكوو سلێمانی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات.



لەمبارەیەوە نه‌جات حه‌سه‌ن، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی رایگەیاند: ئه‌م بابه‌ته‌ی رۆژنامه‌ی سه‌باحی عێراقی تازه‌ نییه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ بۆ پێش ١٦ی ئۆکتبه‌ر دەگەڕێتەوە و ئه‌م رێککه‌وتنه‌ کراوه‌ بۆ راده‌ستکردنی که‌رکووک و شوینه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، ”ئه‌مه‌ بڕیاری سیاسییه‌کانی به‌شێکی زۆرنی سه‌وزه‌، لە كاتێكدا زیانێکی گشتییه‌ بۆ کوردستان“.



ڕوونیشی كردەوە، لە عێراقدا ده‌ستوورێک هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پێشل نه‌کرێت، ئه‌و ده‌ستووره‌ ده‌توانێت چاره‌سه‌ری گرفته‌کان بکات له ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ”به‌غدا به‌رپرسیاره‌ و که‌وتوه‌ته‌ ژێر کاریگه‌ریی کوتله‌کانی، په‌رله‌مان ناتوانێت بڕیاری باش بدات، بەڵام لە بەرامبەریشدا فاكتەری خێر له‌ کوردستان زۆره‌، رێگه‌ ناده‌ن که‌ ئه‌و پیلانه‌ له‌ زۆنی سه‌وز سه‌ر بگرێت“.



ئەو سەركردەیەی پارتی دووپاتی كردەوە: ”ئه‌وه‌ی دەگوزەرێت فرۆشتنی سلێمانی و راده‌ستکردنیه‌تی به ‌به‌غدا، گرنگه‌ حکوومه‌ت بێته‌ سەر هێڵ و رێگه‌ له‌و پیلانه‌ بگرێت، حکوومه‌ت هه‌وڵی داوه‌ بۆ چاکسازی و دابینکردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ده‌بێت پشتیوانیی حکوومه‌ت بکه‌ین و بیر له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌م وڵاتە پارچه‌ پارچه‌ نه‌کرێت“.



هەر لەمبارەیەوە جەوهەر شوكر، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان، رایگەیاند: "بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدانین هیچ ناوچەیەكی كوردستان بەبێ بڕیاری پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدات، چونكە ئەو هەنگاوە هۆكارێكە بۆ كەرتكردنی هەرێمی كوردستان".



جەختیشی كردەوە كە بەپێی دەستوور، هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدڕاڵە و دەبێت حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان بۆ هەر پرسێكی تایبەت بە هەرێمەكە، گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكەن.



























باسنیوز





Top