سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵوێزی به‌ریتانیا لە عێراق دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵوێزی به‌ریتانیا لە عێراق دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵوێزی به‌ریتانیا لە عێراق كرد، لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاوتوێ کران.

ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/1، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیفن هیکی، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا کە جەیمس سۆرنتن، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ئامادە بوو، بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاوتوێ کران.

باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق ئاماژەی بەوە دا، کە وڵاتەکەی ئامادەی هەر هاوکارییەکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بگەنە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و درێژخایەن لەسەر بنەمای دەستوور.

سەرۆکی حکوومەتى هه‌رێمى كوردستان جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەندبوونەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردووە، بە ئاراستەی گەیشن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی کە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

میکانیزمەکانی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.












باسنيوز


Top