په‌رله‌مانتارێكى پارتى: ئومێدی ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا زۆره‌

په‌رله‌مانتارێكى پارتى: ئومێدی ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا زۆره‌
په‌رله‌مانتارێكى عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی رای ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى 2021ـی عێراق ئاماده‌یه‌ و زۆربه‌ى ماده‌كانى ته‌واوبوونه‌ و ته‌نیا یه‌ك بڕگه‌ى ماوه،‌ ئه‌ویش بابه‌تی پشكى هه‌رێمى كوردستانه و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌مڕۆ قسه‌ى له‌باره‌وه‌ بكرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 31/1/2021، د. مه‌یاده‌ نه‌جاڕ، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراكسیۆنى پارتى گوتی: پڕۆژه‌ بودجه‌ى ساڵى 2021 خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌مى بۆ كراوه‌ و كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وامن،‌ لێژنه‌ى دارایى، لایه‌نه‌كان بانگهێشت ده‌كا، كه‌ وه‌زیر و پارێزگاره‌كانن، بۆ ئه‌وه‌ى بزانن ئه‌و خه‌رجییانه‌ی كه‌ بۆیان دانراوه چۆن و له‌ چیدا خه‌رجی ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌شی گوت، كه‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌ لێژنه‌ى دارایى ئاماده‌یه و‌ بڕیاره‌ سبه‌ی دووشه‌مه‌، یان سێشه‌مه‌ بگاته‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، "زۆرینه‌ى مادده‌‌كان تێپه‌ڕیون بۆ ده‌نگدان، ته‌نیا یه‌ك بڕگه‌ى ماوه‌، ئه‌ویش تایبه‌ته‌ به‌ پشكى هه‌رێمى كوردستان و تا ئێستا یه‌كلایی ‌نه‌بووه‌ته‌وه‌،‌ ئه‌مڕۆ شاندى هه‌رێمی كوردستان هاتوون بۆ قسه‌ كردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌".

له‌ باره‌ى پشكى هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌، گوتى: "پشكى هه‌رێمى كوردستان 12.7‌ ترلیۆن دیناره‌، ئومێدیش زۆره‌ هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و پشكه‌ى بۆ كوردستان دانراوه‌ ڕێك بكه‌ون".











باسنیوز


Top