له‌ هه‌ولێر دوو ئافرەت بە تۆمەتی دزی دەستگیر کران

له‌ هه‌ولێر دوو ئافرەت بە تۆمەتی دزی دەستگیر کران
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى هه‌ولێر، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، له‌ هه‌ولێر دوو ئافرەت بە تۆمەتی دزی دەستگیر کران.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 31/1/2021، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى هه‌ولێر، ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، نووسینگەی خەبات، دوای ئەوەی ئاگادار کرانەوە بە بوونی دوو حاڵەتی دزینی پارە لە دوو هاووڵاتی لەسەر ڕێگای نێوان هەولێر - خەبات، نزیک بازگەی کانی قرژاڵە، دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کرد و توانییان دوو ئافرەت بە ناوەکانی (ی.س.ع) و (چ.س.ص) بە تۆمەتی ئەنجامدانی دزییەکان دەستگیر بکەن".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: "هه‌ردوو تۆمه‌تبار دانیان بە تاوانەکەیاندا نا، کە لە دوو کاتی جیاوازدا بڕی شه‌ش هەزار دۆلارى ئه‌مریكى و دوو ملیۆن و 550 هەزار دیناریان دزیوە، بۆیە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە 446 لە یاسای سزادان، بەند کران".










باسنيوز


Top