عوسمان ئۆجەلان: جەمیل بایك و پەكەكە هەر خەریكی كێشە دروستكردنن بۆ هەرێمی كوردستان
هاوكات لەگەڵ هێرشی ئێران لە ڕێی فیلمەكە و هەوڵی ئیسلامییەكان بە تایبەت كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بۆ ڕێگەگرتن لە وەڵامدانەوەی فیلمەكە و هەواڵی پڕ چەواشەی میدیاكانی یەكێتی، جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا، هێرشی توندی كردۆتە سەر پارتی.
لەمبارەیەوە عوسمان ئۆجەلان، برای عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، رایگەیاند: ”ئەو هێرشانەی جەمیل بایك جێی لەسەر ڕاوەستانە كە بۆچی بەم شێوەیە و لەم كاتەدا هێرش دەكات؟ ئەو قسانەی راست نین، ئەو دەتوانێت ڕەخنە بگرێت، بەڵام نەك بەم شێوەیە“.
سەرسوڕمانی خۆشی لە دژیەكیی قسەكانی جەمیل بایك دەربڕی كە لە لایەكەوە بانگەشەی ئەوە دەكات، پەكەكە دژایەتیی قەوارەی هەرێمی كوردستان ناكات، لە لایەكی دیكەشەوە هێرش دەكاتە سەر پارتی، بۆیە ”من قسەكانی بە نابەجێ دەبینم“.
بە بڕوای عوسمان ئۆجەلان، ”ئەم قسانە بۆ تێكدانی ئاسایش و ئارامیی نێوان لایەنەكانی كوردستانە، ئەم زمانە كێشە دەخاتە نێوان لایەنەكانەوە. جەمیل بایك رەخنەیەكی دروست ناگرێت و بە بەردەوامی هێرش دەكاتە سەر پارتی، بە هۆی جەمیل بایكەوە كە هێزە كوردییەكان كێشەیان زیاتر دەبێت، چونكە قسەكانی لە خزمەت كەمكردنەوەی كێشە نین. لە ڕاستیشدا ئەو كەسە هەر بەدوای كێشەیە و بەبێ كێشەنانەوە ناتوانێت، رەخنەكانیشی هیچ دروست نین“.
هەر لەمبارەیەوە سهعید ههركى، ئهندامى پهرلهمانى كوردستان له فراكسیۆنى پارتى ڕاى گهیاند: ”جهمیل بایك و پەكەكە ئارامى و سهقامگیریی كوردستانیان ناوێت و ڕاست ناكەن كە بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە پەكەكە كێشەی لەگەڵ قەوارەی هەرێمی كوردستان نییە، بگرە پەكەكە بەشێكە لەو دەستە و گرووپ و تاقمانەی بەردەوام هەوڵی زیانگەیاندن بەو قەوارەیە دەدەن و دهیانهوێت قهوارهى ههرێمى كوردستان بهرهو ههڵدێر ببهن“.
روونیشی كردەوە كە هەموو دونیا دەزانێت، ئەوەی سیخوڕی دەكات، پەكەكە و سەركردەكانی پەكەكەن كە سیخوڕی بۆ وڵاتێكی هەرێمی دەكەن و تەنانەت لەگەڵ خراپترین و دڕندەترین داگیركەری كوردستان دەستیان تێكەڵاوكردووە لە دژی هەرێمی كوردستان.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دووپاتی كردەوە، پەكەكە و جەمیل بایك لە هەرێمی كوردستان مێوانن و بۆیان نییە لەوە زیاتر ماف بە خۆیان بدەن، پارتی خۆی بە خاوەنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەزانێت و هەرێمەكەش لە هەوڵی جەمیل بایك و پەكەكە و ئەو دەستە و گرووپانەی بۆ بەرژەوەندیی ئێران هەوڵی تێكدانی دۆخی هەرێمی كوردستان دەدەن، دەپارێزێت. چونكە ”ئەوانە ههر كاتێك بزانن ههرێمى كوردستانى له ئاشتى و ئارامى دایه، به فیتى ناحهزانى كورد، كێشه و گرفت بۆ گهشهسهندنى ئابوورى و سهقامیگریی ههرێمى كوردستان دروست دهكهن“.
باسنیوز
