بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان شیعەكانی بەسەر سێ بۆچوونی جیاواز دابەشكردووە
هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فراكسیۆنە شیعەكان "بەشێكیان كە كەمن لەگەڵ ئەوەن دەقەكەی حكومەت وەكو خۆی تێپەڕێندرێت كە داوای داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكات، بەشێكی دیكەیان داوای كۆی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەشی سێیەمیش داوای كۆی نەوتی بەرهەمهێندراو دەكەن، نەک كۆی دۆسیەی نەوت و داوادەکەن ئەو نەوتەی بەرهەمدەهێنرێت رادەستی سۆمۆ بكرێت و حكومەتی هەرێمیش خۆی سەرپەرشتیی بكات".
بە گوتەی هۆشیار عەبدوڵڵا، تاوەكو ئێستا فراكسیۆنە شیعەكان لەسەر دەقێكی دیاریكراو یەكلایی نەبوونەتەوە، بەڵام بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەسەر دەقێك رێکبکەون و "ئەو دەقە رەوانەی لیژنەی دارایی بكەن بۆئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكەین، چونكە چاوەڕوان دەكرێت لە ناوەڕاست یان لە كۆتایی هەفتەی داهاتوودا دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی بدەین".
لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2021ـی عێراقدا پشکی هەرێمی کوردستان رێژەی 12.67%ـی بودجە پێکدەهێنێت، بەڵام دەبێت رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا بکات.
پشکی هەرێمی کوردستان لەو پرۆژە یاسایەدا 13 تریلیۆن و 904 ملیار و 12 ملیۆن و 452 هەزار دینارە.
rudaw-
