ناسر هه‌رکی: ئاراسته‌یه‌ک له‌به‌غدا بۆ رێگری له‌ رێککه‌وتن لەگەڵ هەولێر دروست بووه‌

ناسر هه‌رکی: ئاراسته‌یه‌ک له‌به‌غدا بۆ رێگری له‌ رێککه‌وتن لەگەڵ هەولێر دروست بووه‌
ئه‌ندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئاراستەیەک لە عێراق هەیە بەرژوەندیی خۆی لە رێکنەکەوتنی حکوومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەبینێتەوە.

ناسر هه‌رکی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رايگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 27-1-2021، شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کۆ بووەتەوە.

ناسر هەرکی هەروەها رایگەیاند، تا ئێستا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی عێراق لەبارەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان و پرسی نەوت، نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، ”بەڵام کۆبوونەوە و گفتوگۆکان بەردەوامن“.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق هیوای خواست کوتلە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق رێگرنەبن لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و رایگەیاند، ”له‌ رێککه‌وتنه‌کان له‌ئاستی حکوومه‌ت گرفتمان نییه‌، به‌ڵام له‌ ئاستی هه‌ندێک کوتله‌ی په‌رله‌مانی گرفت هه‌یه‌“.

ناسر هەرکی جەختی لەوە کردەوە، کە ئەگەر کوتلە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان رێگربن لە پەسەندکردنی بودجە و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، ئەوا نەوەک بە تەنیا هەرێمی کوردستان، هەموو خەڵکی عێراق زەرەرمەند دەبن.

هەرکی ئاماژەی بەوەش کرد، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندە باڵاکەی نیازپاکیی خۆیان بۆ رێککەوتن لەگەڵ عێراق نیشان داوە، بەڵام هەندێک لایەنی عێراقی بەهۆی بیری تەسکی مەزهەبی و نەتەوەیی خۆیان، بەرژەوەندیی خۆیان لە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەبیننەوە.












باسنيوز


Top