دوو هاوسەرۆكی هەدەپە لە ئیستەنبۆڵ دەستگیر كران
لە ناوچەی ئەسەنیورت لە ئیستەنبۆڵ هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هەڵیكوتاوەتە سەر بارەگای هەدەپە و دوو هاوسەرۆکی ئەو لقەی هەدەپەیان دەستگیر كرد، تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە سەر بە پەكەكەن.
لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ئاسایشی ئیستەنبۆڵ دوو جار هەڵیكوتاوەتە سەر بارەگای هەدەپە لە ناوچەی ئەسەنیورت، جاری یەكەم چەند ئەندامێكی هەدەپەیان دەستگیر کرد و جاری دووەمیش (ئێرجان ساغڵەم و دیلان كلیچ) هاوسەرۆكانی لقی هەدەپەیان لەو ناوچەیە دەستگیر كرد.
ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردووەتەوە بەهۆی ئەوەی لەناو بارەگای هەدەپە وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكەی هەبووە، هەروەها بەڵگەیان هەیە هاوسەرۆكانی لقی هەدەپە لە ئەسەنیورت ئەندامی پەكەكەن، بۆیە لەسەر داوای دادوەر دەستگیر كراون.
هەدەپەش لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی ئەو پەلامارەی سەر بارەگاكەیانی لە ئەسەنیورت کردووە و داوایان کردووە دەستبەجێ ئەندامەکانیان ئازاد بکرێن.
باسنيوز
