چیرۆكی تێكشكاندنی داعش لە مەخموور و گوێڕ

چیرۆكی تێكشكاندنی داعش لە مەخموور و گوێڕ
یەکێک لە فەرماندەکانی بەشدار لە یەکەمین تێکشکاندنی داعش لە عێراق چیرۆکی ئەو داستانە دەگێڕێتەوە، کە بۆ یەکەمجار هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی ئەفسانەی داعشیان لە گوێڕ و مەخموور تێکشکاند.

ئەو گوتی: پشتیوانی و سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی گەورەترین چەکی دەستمان بوو لە تێکشکاندنی ئەفسانەی گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستی.

یەکەم دیمەنی تێکشکاندنی ئەفسانەی گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە میحوەری گوێڕ و مەخمور روویدا، شوێنى یەکەمین تێکشکاندنی داعش، تێکشکاندنێك بوو لە هەرێمی کوردستان و جیهانيشدا دەنگی دایەوە، بووە سەرەتای کەوتنی داعش. لە گوندی هەوێلە لە گوێڕ پێشمەرگە و ئاسایش یەکەم تێکشکاندنی داعشیان تۆمار کرد.

شکاندنی داعش لە مەخموور و گوێڕ لە کاتێکدا بوو، داعش لە لوتکەی هێزی خۆی دابوو، بەهۆی ئەو چەکە زۆرەی لە پاشماوەی هەڵاتنی سوپای عێراق و سووریا دەستی کەوتبوو، هەموو جیهانیش لە مەترسییەکی گەورەدا بوو، بەڵام پێشمەرگە بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی لە سەرجەم میحوەرەکان ئەو رێکخراوەی تێکشکاند.

بارزان قەساب گوتیشی: داعش به پێشکەوتوترین چەک و تاکتیکی سەربازی هێرشی دەکردە سەر پێشمەرگە، بەڵام ئەوان بە حیکمەتی پلانەکانی سەرۆک بارزانی داعشیان تێکشکاند.

یەکێک لە پیلانە سەربازییەکانی ئەو کاتی داعش، بەکارهێنانی "ئۆتۆمبێلی تێ ئێن تی ڕێژکراو" و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی سوپای عێراق بوو، کە دەستی بەسەردا گرتبوون و دژی پێشمەرگەى بەکاردەهێنا. ئەم دوو ئۆتۆمبێلەش لەلایەن ئاسایشەوە لە گوێڕ دەستیان بەسەرداگیرا، کە هەر ئۆتۆمبێلیکیان زیاتر لە تۆنێک "تی ئێن تی"یان تێدا بووە، دوای دەست بەسەرداگرتنیان پوچەڵکرانەوە.

پاراستنی هەرێمی کوردستان و تێکشکاندنی داعش لەلایەن پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکەوە بوو، هەر ئەوانیش بەتەنیا خاوەنی سەروەری پاراستنی خاکی کوردستان و جیهانن لە مەترسی داعش. ئەم تێکشکاندنەش دڵی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەکانیش خۆش کرد، دیمەنەکانی ئەو کاتەش دەریدەخەن کێ داعشی تێک شکاند و کێ سەرکردایەتی ئەو داستانەشی کردووە و کێش پلانداڕێژەری بووە.
k24-
Top