له‌ سلێمانى دوو كه‌س به‌هۆى فێڵكردنه‌وه‌ ده‌ستگیر كران

له‌ سلێمانى دوو كه‌س به‌هۆى فێڵكردنه‌وه‌ ده‌ستگیر كران
مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی، دوو تۆمەتباریان دەستگیر کرد، کە به‌ فێڵ پارەیان لە هاووڵاتییەک وەرگرتبوو، دواتر هەڵاتبوون.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24/1/2021، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى، ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "شەوی 19/1/2021، لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود، دوو تۆمەتبار کە ڕێکكەوتبوون لەگەڵ هاووڵاتییەک کەلوپەلی پێ بفرۆشن، دوای ئەوەی دەگەنە لای هاووڵاتییەکە، پارەکەی لێوەردەگرن و پەمپی بیبەر بە دەموچاویدا دەکەن و هەڵدێن".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، دوای ئاگادارکرنەوەی پۆلیس، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێکرد و توانییان هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن، هه‌روه‌ها توانییان دەست بەسەر ماتۆرسکیلێکدا بگرن، کە بە تۆمەتباران بووە.

پۆلیسى سلێمانى باسى له‌وه‌ش كردووه‌، ئێستا هەردوو تۆمەتبار (چ. خ. م) لەدایکبووی ساڵى 2000 و (د. ا. خ) لەدایکبووی ساڵى 1998، بە بڕیای دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.













باسنيوز


Top