پارتی باش لە تورکیا داوای ئازادكردنی دەمیرتاش دەكات

پارتی باش لە تورکیا داوای ئازادكردنی دەمیرتاش دەكات
بۆ یەكەمجارە سەركردەیەكی باڵای پارتی باش لە تورکیا داوا دەكات سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێت، چونكە ئەمە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە و توركیاش ئەندامە لەو دادگایە.

بەهادیر ئێردەم، جێگری سەرۆكی پارتی باش، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ (گڵۆباڵ خەبەر)ی توركی، باسی لە ئازادكردنی دەمیرتاش كردووە.

ڕای گەیاندووە: "دەمیرتاش وەكوو خۆی، یاخود وەكوو هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە پەیوەندیی بە منەوە نییە، وەكوو شارەزایەك لە یاسا پێتان دەڵێم، ئەگەر دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای كردبێت دەمیرتاش ئازاد بكرێت، دەبێت رێز لەو داوایە بگیرێت، چونكە لەسەر رێككەوتنی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ئیمزات كردووە كە پابەندی بە بڕیارەكانی".

لە بەشێكی تری قسەكانیدا داوا دەكات دەمیرتاش ئازاد بكرێت، لەبەر یەك هۆكار ئەویش رێككەوتنی توركیایە لەگەڵ دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا.

ئەمە بۆ یەكەمجارە سەركردەیەكی باڵای پارتی باش داوای ئازادكردنی دەمیرتاش بكات. پێشتر پارتی باش، ئەگەرچی ئۆپۆزسیۆنیشن، بەڵام لەگەڵ دەستگیركردنی دەمیرتاش بوون.

سەلاحەدین دەمیرتاش سیاسەتوانی کوردی باکووری کوردستان و پەرلەمانتار و هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریی پەکەکە لەلایەن تورکیاوە دەستگیر کراوە، هەرچەند تاکوو ئێستا دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دوو جار بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی داوە، بەڵام بە فەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا ناهێڵن دەمیرتاش ئازاد بکرێت.

دەمیرتاش ڕێکەوتی ٤ی١١ی٢٠١٦ بە تۆمەتی پروپاگندە بۆ تیرۆر و هاندانی خەڵکی بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوخۆی تورکیا دەستگیر کراوە و لەو کاتەوە تا ئیستا لە گرتووخانەی ئێدیرنا زیندانی کراوە.














Top