عارف روشدی: گرووپێکی خۆپەرست لە بەغداوە بۆ لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان هەموو كارێك دەكەن
راوێژکاری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رای دەگەیەنێت، ”گرووپێكی سیاسیی خۆپەرست له به‌غداوه هه‌وڵی تێکدانی یەكڕیزیی نێو ماڵی كورد و لاوازکردنی قه‌واره‌ی هەرێمی کوردستان دەدەن“.
عارف ڕوشدی، راوێژکاری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە راگەیاند: ”له‌گه‌ڵ گەڕانەوەی شاندی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی، هه‌ندێک شتمان بۆ روون بویه‌وه له لایه‌ن هه‌ڤاڵانی ئێمه، روونکردنه‌وه‌ی باشیانداوه به هه‌موو لایه‌نه عێراقییه‌کان، له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان قسه‌یان کردووه و بیریان هێناونە‌ته‌وه که عێراقی دوای ٢٠٠٣ که سه‌رجه‌م پێکهاته‌کان دایانمه‌زراندووه‌و ده‌بوو عێراقی هه‌موو لایه‌ک بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان بتوانن عێراقی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای فیدڕاڵی بەرەو پێش ببەن و ماف و ئه‌رکی پێکهاته‌کانی عێراق دیار بێت، داخوازیش ئه‌وه بووه که شه‌راکه‌ت و ته‌وازن و ته‌وافوق هەبێت“.
له‌باره‌ی هه‌وڵه‌کانی بۆ لاوازکردنی قه‌واره‌ی کوردستان له به‌غداوه، عارف ڕوشدی ئاماژەی بەوە كرد: ”ده‌بێت تێبگه‌ن ئەم قەوارەیە به‌رهه‌می خه‌باتی سەد ساڵی گەلی کوردستانه، به‌رهه‌می کیمیابارانی هەڵەبجە و سێوسێنانه، به‌رهه‌می بالیسان و ئه‌نفال و قوربانیی کۆمه‌ڵکوژیی بارزانییه‌کان و كۆڕەوەكەیە، ئه‌مه تەنیا به‌رهه‌می خه‌باتی چەند حزبێك نییه، به‌رهه‌می خه‌ڵکی کوردستانه، هه‌ر لایه‌ک هه‌وڵ بدات لاوازی بکات، ده‌بێت شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و مێژووه و ئه‌و لافاوه خوێنه بکات“.
ئەوەشی ڕوون كردەوە كە هەرێمی كوردستان و حكوومەتەكەی لە هه‌موو ئاستەكاندا وێڕای ئەو ئاستەنگانەی خراونەتە بەردەمیان، توانیویانە نموونەیەكی جوان پێشکه‌ش بكەن، دەستكەوتی کۆمه‌ڵایه‌تی هەبووە و خزمەتگوزارییەكی زۆر دابین كراوە و ئاسایشەكەی لەگەڵ عێراقدا هەرگیز بەراورد ناکرێت.
گوتیشی: ”كەسانیك هەن هەوڵدەدەن ئەم قەوارەیە لاواز ببێت، ئەم كارەش دوورە لە ئەخلاقی سیاسی و كۆمەڵایەتی و دوورە لە هەموو بەهایەكی كوردانە، بەداخەوە ئەو ڕەوتە خۆپەرستەی ئەمڕۆ له به‌غدا دروست بووه، ده‌یانه‌وێت ده‌ست بخه‌نه ناو یەكڕیزیی کوردستانه‌وه و دۆخه‌که ئاڵۆز بکه‌ن، چاویان به‌وه هەڵنایەت كە له کوردستاندا هه‌یه“.
باسنيوز
