گەشتیارانی بەفر بەشێک لە رێگەکانی هەولێریان داخستووە
لە رێگەی هەولێر - سماقووڵی لە دەربەندی گۆمەسپان بەهۆی زۆریی گەشتیارانەوە گیراوە، بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان وەستاون لەسەر شەقامەکان و بۆ چەندین خولەک ناتوانن بجووڵێن. لەوێ رێگەی هاتووچۆ تەنیا بەرەو هەولێر هەیە و بەهۆی قەرەباڵخییەوە رێگەی دەرچوون لە هەولێر گیراوە.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوت، لە ئێوارەوە هەم پۆلیسی هاتووچۆ هەم هێزی ئامادە چوونەتە ئەو ناوچانەی قەرەباڵخی تێیدا دروست دەبێت، بەتایبەتی رێگەی دەربەندی گۆمەسپان. "بەڵام 30 بۆ 40 هەزار ئۆتۆمبێل لە دوو کیلۆمەتر بۆ سێ کیلۆمەتردا کۆببێتەوە، هەر وای لێدێت".
بە گوتەی فازڵ حاجی، یەکێک لە کێشەکانی دیکە ئەوەیە بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان لە رێگە لایانداوە و چوونەتە رێگە لاوەکییەکان، بۆیە گیریان خواردووە، بەهۆی قەرەباڵخیی شەقامەکەشەوە، رێگە نییە تیمەکانی فریاکەوتن بچن بەهانای ئەوانەی گیریان خواردووە و رایان بکێشن، بۆیە لەوانەیە تاوەکو درەنگانی شەو بمێننەوە.
rudaw -
