کۆماری کوردستان؛ دوای 74 ساڵ هێشتا کورد خەون بە دامەزراندنیەوە دەبینێت
بۆشایی دەسەڵات لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد یان ژێ کافی لێ کەوتەوە، کۆمەڵەیەک کە چەند رووناکبیرێکی کورد دایانمەزراند و دوای ماوەیەک قازی محەممەدیش بووە ئەندامی.
دوای گەڕانەوەی وەفدی کورد لە ئازەربایجان، ئەندامانی سەرەکیی کۆمەڵەی ژێ کاف لە مهاباد کۆدەبنەوە، ناوی رێکخراوەکە دەکەن بە حیزبی دیموکراتی کوردستان و قازی محەممەد وەکو پێشەوای حیزب دەستنیشان دەکەن. ئەو گۆڕانکارییانە بنکەی جەماوەریی حیزبی دیموکرات فراوان دەکەن و بنەمای دامەزراندنی کۆماری کوردستان دادەندرێت.
رۆژی 26ی سەرماوەرزی 1324 ئاڵای کوردستان لە سەربانی باڵەخانەی ئەنجوومەنی میللی کە دەستەی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکرات بووە، هەڵکرا. 36 رۆژ دواتر، لە 2ی رێبەندان، دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە بەشداریی کەسایەتی و هاونیشتمانیانی هەموو بەشەکانی کوردستان بە فەرمی راگەیێندرا.
سنووری جوگرافیای ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان لە شنۆوە بوو تاوەکو نزیک سەقز. بەرەو خوارتر لە دەستی بەریتانییەکاندا بوو و کۆمار هەوڵی نەدا بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. نزیکەی 11 مانگ دوای دامەزراندنی کۆمار، ئێران و سۆڤیەت لەسەر گەڕانەوەی هێزەکانی ئێران بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئازەربایجان و کوردستان رێککەوتن. پێشەوا قازی محەممەدیش بڕیاری شەڕنەکردنی دا.
لە 24ی سەرماوەرزی ساڵی 1325ی هەتاوی، هێزەکانی ئێران گەیشتنە نزیک مهاباد و کۆتایی بە دەسەڵاتدارێتیی کۆماری کوردستان هێنرا. دوای 74 ساڵ، هێشتا کورد خەون بە دامەزراندنیەوە دەبینێت.
rudaw -
