بە فەرمانی مەسرور بارزانی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بریندارەکانی بەغدا دەکەن
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی، حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و هەڵوێستەکەی بە "گرنگ و هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانە" ناوبردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2021 لە بەغدا دوو تەقینەوە روویاندا و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 32 کوژراو و 110 بریندار کەوتووەتەوە.
یەکێک لەو کەسانەی لەنێو تەقینەوەکەی بەغدا کوژراوە، کوردێکە بەناوی غازی حازم. برازاکەی راگەیاند، بۆ فرۆشتنی هەنگوین چووبوویە بازاڕەکە، بەڵام بەهۆی تەقینەوەکەوە گیانی لەدەستداوە.
ئامەد کەمال، برازای ئەو کەسەیە کە لە تەقینەوەیەکی ئەمڕۆی بەغدا کوژراوە و راگەیاند، "مامم لەگەڵ دوو کوڕی دیکەی بۆ فرۆشتنی هەنگوین چووبوون بۆ بەغدا، بەڵام ئەمڕۆ مام بەر یەکێک لە تەقینەوەکان کەوتووە و گیانی لەدەستداوە. بەڵام هەردوو کوڕەکەی بەناوەکانی (کاروان و حازم) باشن و هیچیان لێنەهاتووە."
بەگوتەی ئامەد، ئەوان خەڵکی دهۆکن و لە گەڕەکی رزگاریی دهۆک دادەنیشن.
تەقینەوەکان خۆکوژی بوون و لە گۆڕەپانی تەیەران لە بەغدا روویانداوە، تاوەکو ئێستا ناسنامەی خۆکوژەکان ئاشکرا نەکراون.
rudaw -
