لیژنەیەکی پەرلەمان بەدواداچوون بۆ كێشەی چەند زانكۆ و پەیمانگایەك دەکات

لیژنەیەکی پەرلەمان بەدواداچوون بۆ كێشەی چەند زانكۆ و پەیمانگایەك دەکات
ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕای گەیاند بە مەبەستی كەمكردنەوەی كرێی خوێندن و دیاریكردنی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ لیژنەی پەروەردە سەردانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی١ی٢٠٢١ حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "دوێنێ وەك لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەبارەی داشكاندن و كەمنەكردنەوەی كرێی خوێندن لەلایەن چەند زانكۆ و پەیمانگەیەكەوە كۆبوونەیەكەمان بەڕێوە برد".

ئەوەشی خستە ڕوو: "بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چەند كێشە و گرفتێك لە چەند زانكۆ و پەیمانگایەک، لێژنەیەكی لاوەكی لە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێك هێندرا بەمەبەستی سەردانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر تایبەت بە كێشەی بەشی شیكاریی نەخۆش و بەشی پەرستاریی پەیمانگەی تەكنیكیی كۆیە".

حەسیبە گەردی گوتیشی: "لیژنە بڕیاری دا لە چەند رۆژی داهاتوودا دوو لیژنەی لاوەكی لە ئەندامانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرسی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەكان و چۆنیەتیی قەرەبووكردنەوەی ئەو كاتەی كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرونا قوتابیان لەدەستیان چووە، سەردانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و پێویستە ڕێگە چارەیەك بۆ خوێندنی ئەمساڵ بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی چارەنووسی قوتابییان دیار بێت و خوێندنی ئەمساڵیان نەفەوتێت".












باسنیوز


Top