بەرپرسی دۆسیەی بەعەرەبكردن لە كەركووك: بە پاسەوانیی فەرماندە سەربازییەكانی عێراق عەرەبە هاوردەكان زەویوزاری كورد داگیر دەكەن
لە بارەی كارەكانی ئەو لیژنە پەرلەمانییەی كە بۆ چارەسەری كێشەی زەویوزاری كورد پێكهێنراوە، حەسەن گەرمیانی، گوتی، لیژنەكه سێ ئەندامی كوردی پەرلەمانی عێراقی تێدایە و نوێنەرانی عەرەب و توركمانیشی تێدایە، ئێمە و عەرەبە هاوردەكانیش كۆبوونەوەمان لەگەڵ لیژنەكە كردووە، بەڵام عەرەبە هاوردەكان زۆر نیگهران بوون، چونكە هیچ بەڵگەیەكیان نییە كە بیسەلمێنی ئەوان خاوەنی زەویوزار بن، ئاشكرایە كە ئەوان عەرەبی هاوردهن و كاتی خۆی بەمەبەستی تەعریب و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەی كەركووك و پشتێنەی ئەمنیی بۆ كێڵگە نەوتییەكان لە سنووری كەندیناوهوە تاكوو سنووری خورماتوو هێنراون، ئەوان بەدوو ماددەی ئەنجوومەنی بەناو سەركردایەتی شۆڕشی بەعس و لیژنەی پێشتر ئەمنیی كاروباری شیمال زەوییان لە كورد وەرگرت و دایانە عەرەبە هاوردەكان و كوردیان دەربەدەر و ئاوارە كرد.
گوتیشی، بە بڕیاری 17ی ساڵی 1970 هەموو جوتیارانی كورد بەو بڕیاری دابەشكردنەی زەوی كوردانی ئەو سنوورە، بەپێی مادەی 117 پێیان درایەوە، بەشێكیان بۆیان جیا كردەوە، ئەوانی تر بووە موڵكی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی داراییش ئەو ماددە یاساییەی لەگەڵ جوتیارە كوردەكان جێبەجێی كرد، تا ئێستا ئێمە ئەو گرێبەستانەی كە سەنەدی موڵكداری پێ دەڵێن وەكوو جووتیارانی كورد هەیانە، دواتر ئەو عەرەبانەیان بە مەبەستی تەعریب هێنایە ئەو سنوورە بۆ داگیركردنی ماڵ و زەویی جووتیارانی كورد و دوای ساڵی 2003یش بەپێی ماددەی 58ی دەستووری كاتی عێراق كە پاشان بووە ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، كۆمەڵێك هەنگاو خاڵی دیاری كردووە بۆ گەڕانەوە ماڵ و مۆڵكی جووتیارانی باب و باپیران و ڕەسەنی كورد بۆ خۆیان و عەرەبە هاوردەكانیش دەیانزانی كە ئەوان بە زوڵم هێنراون، بۆیە ئەو عەرەبانە گەڕانەوە زێدی خۆیان كە لە دەرەوەی شاری كەركووك و خورماتوو بوون.
سەبارەت بەوەی كە لەم سێ ساڵەی دواییدا زۆرترین، تەعریب لە سنووری پارێزگای كەركووك ئەنجام دراوە، حەسەن گەرمیانی، ئاماژەی بەوە دا، دوابەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 عەرەبەكان وەكوو ئەوەی هەنگوینیان لە داردا دۆزیبێتەوە، وادەزانن حزبی بەعس گەڕاوەتەوە، جارێكی تر هاتنەوە بۆ داگیركاریی زەویوزاری كوردان، لە هەندێك ناوچەش فەرماندەی سەربازی و پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق هاوكاریانن، بۆ نموونە گوندی فەریقی كوردنشینی ناوچەی هەفتەغاری سەر بە قەزای داقووق، لیوا نەجاح كە فەرماندەی لیوای 20ی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراقە، بە شەوان ماڵە عەرەبە هاوردەكانی بە پاسەوانی هێزەكەیان هێنایەوە سنووری ئەو گوندە و دیارە پارێزگاری بەوەكالەتی كەركووكیش بەسوودوەرگرتن لە بودجەی ئاوارتە (تەواری) كە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی حەویجە تەرخان كرابوو، ئەو یەكەم هەنگاو عەرەبە هاوردەكانی سنووری دوبز و داقووقی بەو پارەیە گەڕاندەوە، هەروەها لیژنە پەرلەمانییەكە هەفتەی داهاتوو بانگهێشتی هەریەك لە پارێزگاری بەوەكالەتی كەركووك و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك و بەڕێوەبەری دەستەی زەویوزاری كەركووك دەكات بۆ پەرلەمانی عێراق، هەر بۆ تاوتوێكردنی كێشەی زەویوزارەكان و پاشان لیژنەكە لەگەڵ ئێمەش كۆدەبنەوە.
لەبارەی ئەوەی باس لەوە دەكرێت كە لیژنەكە نووسراوی كردووە بۆ دەسەڵاتدارانی كەركووك، تاكوو ئەوان دەگەنە ئەنجامی كۆتایی لەسەر كێشەی زەویوزاری كەركووك، هیچ هەنگاوێك بۆ تەعریبی تر نەنێن، بەرپرسی دۆسیەی بەعەرەبكردن لە كەركووك، ئەوەی خستە ڕوو، "ئێمە لەسەر ئەو بابەتە قسەمان لەگەڵ د. ناسر هەركی، كه ئەندامی لیژنە پەرلەمانییەكەیە كرد، ئەوان نووسراویان كردووە بۆ دەسەڵاتدارانی سەربازیی كەركووك، كە هیچ رێكارێك نهگیرێته بهر دەرهەق بە تەعریبی سنوورەكە، بەڵام عەرەبە هاوردەكان گوێ بەوە نادەن و ئەوان تا بۆیان بكرێ لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكان رێك كەوتوون بە شەوان یان لەبەرەبەیانیانی زوودا زەوییەكانی جووتیارانی كورد جووت دەكەن و كه جووتیارانی كورد ئاگادار دەكرانەوە، ئەوان دەوەستان، دیسان دەستیان پێ دەكردەوە، لەم ماوەیە نزیكەی هەزار دۆنم زەوی سنووری هەفتەغاریان كێڵا و وەك ئەوەی زەوییەكان لە باوك و باپیرانیانهوه بۆیان بەجێ مابێ.
حەسەن گەرمیانی، ئاشكراشی كرد، ئێستا عەرەبە هاوردەكان كەرەستە و حەفارەی بیرهەڵكەن دەبەنە سەر زەویوزاری كورد بۆ ههڵكهندنی بیری ئاو.
باسنیوز
