له‌ سلێمانى ھەڕەشەی کوشتن لەو کرێکارە دەکرێ کە بڕه‌ پارەیه‌كى زۆری دۆزیوەتەوە

له‌ سلێمانى ھەڕەشەی کوشتن لەو کرێکارە دەکرێ کە بڕه‌ پارەیه‌كى زۆری دۆزیوەتەوە
ماوەی چەند ڕۆژێکە کرێکارێک لە سلێمانی بڕە پارەیەکی زۆرى دۆزیوه‌ته‌وه‌ و بەدوای خاوەنەکەیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی پارەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئێستا ھەڕەشەی کوشتن لەو ھاووڵاتییە دەکرێت كه‌ پاره‌كه‌ى دۆزیه‌وه‌ته‌وه‌، گوته‌بێژى پۆلیسی سلێمانیش ڕای دەگەیەنێت: "ئەگەر ئەو ھاووڵاتییەی پارەکەی دۆزیوەتەوە و ھەڕەشەی لەسەرە، باشترە سکاڵای یاسایی تۆمار بکات، ئەو کاتە ئێمەش ژیانی دەپارێزین".

عەلی فەتاح، ھاووڵاتییەکی شاری سلێمانییە و پیشه‌ى كرێكاره‌، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە نزیک بانکی باخان و نەخۆشخانەیەکی نزیک سنوورەکە، بڕە پارەیەکی زۆرى دۆزییه‌وه‌، کە پارەی عێراقی و دۆلار و یۆرۆ و پارەی بیانیشی تێدا بوو، ئەوو ھاووڵاتییە پارەکەى هه‌ڵگرته‌وه‌ و لە ڕێگەی میدیاكانه‌وه‌ داواى دۆزینەوەی خاوەنەکەی دەکات، بەڵام تاوەکوو ئێستا خاوەنی پارەکە نەدۆزراوەتەوە.

ھەر چەندە دۆزینەوەی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن ئەو ھاووڵاتییەوە مقۆمقۆیەکی زۆری لای هاووڵاتییان دروست کردووە، میدیاکانیش بە گرنگییەوە باسی دۆزینەوەی ئەو بڕە پارەیە دەکەن، بۆ ئەوەی خاوەنی پارەکە بدۆزنەوە، بەڵام بە گوتەی عەلی فەتاح، کە پارەکەی دۆزیوەتەوە، تاوەکوو ئێستا ھیچ کەسێک خۆی نەکردووە بە خاوەنی پارەکە و ژیانی خۆیشی کەوتووەتە مەترسییەوە، چونکە لەلایەن خەڵکی نەناسراوەوە ھەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە.

لەمبارەیەوە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی ڕايگەیاند: "ئاگاداری دۆسیەی ئەو پیاوە نین کە پارەکەی دۆزیوەتەوە و نازانین ھەڕەشەی لێ کراوە یان بەپێچەوانەوە، چونکە ئەو ھاووڵاتییە سەردانی ئێمەی نەکردووە و خۆی پارەکەی دۆزیوەتەوە و لە کەناڵەکانەوە دەڵێت، بڕە پارەیەکەم دۆزیوەتەوە و کێ خۆی بەخاوەنی دەزانێت، سەردانم بکات".

گوتیشی: "ئەو ھاووڵاتییەی کە پارەکەی دۆزیوەتەوە، دەبوایە سەردانی نزیکترین بنەکەی پۆلیسی بکردایە، ئەو کاتە پارەکە لەڕێگەی دادگاوە لە بانکێک ھەڵدەگیرا تا ئەو کاتەی خاوەنەکەی دەدۆزرایەوە، بەڵام کاتێک ئەو ناچێ بۆ بنکەی پۆلیس و لە میدیاکانەوە قسە دەکات، ئێمە نازانین چی بکەین".

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد: "ھەر کەسێک ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە و ھێزەکانی پۆلیس ئاگادار بکاتەوە، ئێمە ژیانی دەپارێزین، بەڵام ئەگەر کەسێک بە تەلەفۆن ھەڕەشەی لێ بکرێت، پێویسته‌ لە بنکەیەکی پۆلیس سکاڵا تۆمار بکات، بۆ ئەوەی ھێزەکانمان بتوانن ژیانی بپارێزن، بۆیە ئەگەر ئەو ھاووڵاتییەی پارەکەی دۆزیوەتەوە و ھەڕەشەی لەسەرە، باشترە سکاڵای یاسایی تۆمار بکات، ئەو کاتە ئێمەش ژیانی دەپارێزین".












باسنيوز





Top