وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان ئامادەکارییەکانیان بۆ پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 دەست پێ کرد
بە پێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە، ئاماژە بەوەكراوە، بەگوێرەی خشتەی ڕۆژژمێری بودجەی ساڵی 2021 و ئامادەکارییەکانی هەر دوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی، لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەمرۆ دووشەممە 18ی1ی2021، بە سەرپەرشتی دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان كۆبوونەوەی هەر دوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی و ئابووری بەرێوەچوو.
ئاماژە بەوەش دراوە، کە لە کۆبوونەوەكەدا بەئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و بەرێوەبەری گشتی بودجەکانی وەزارەتی دارایی گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەر دوو وەزارەت کرا و هەروەها باس لە خشتەی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکان و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەهەفتەی داهاتوو لەگەڵیان کرا، بەمەبەستی دارشتنی کاری هاوبەش و ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2021".
ئەوەش خراوەتە روو، کە وەزیری پلاندانان داوای لێکردوون پەلەبکەن بۆ دانانی میکانیزمەکانی دارشتنی بودجەی بەکاربەر و بودجەی وەبەرهێنان کە هەر دوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی بەو ئەرکە هەڵدەستن.
هەروەها وەزیری پلاندانان لە كۆبوونەوەكەدا گوتیشی: "سەرباری ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەبێ بودجەیە، بەڵام بەهەبوونی بودجە بۆ ساڵی 2021 کارئاسانی زۆر دەکات بۆ خەرجی و داهاتەکانی حکوومەت و هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان".
هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمی کوردستان کرا.
هەروەها هەر یەک لە وەزیرانی دارایی و پلاندان ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی و ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 خستەڕوو.
باسنیوز
