هەردوو وەزارەتی كارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کۆ بوونەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 18/1/2021 ئەندازیار كەمال محەمەدساڵح وەزیری كارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەندازیار زێدان خەلەف بریكاری وەزارەتی كارەبای عێراق كۆ بووەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا كە بەرپرسانی پێوەندار بە سێكتەری دابەشكردنی كارەبای هەردوو وەزارەت ئامادەی بوون، باس لە پێوەندییەكانی نێوان وەزارەتی كارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی كارەبای عێراق كرا.
لە تەوەرێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر چارەسەركردنی تەواویی گرفت و كێشەكانی كارەبا لە ناوچە جێناكۆكەكان کرایەوە.
ئەندازیار كەمال محەمەدساڵح داوای لە شاندی کارەبای حکوومەتی عێراق کرد زیاتر خزمەتی هاووڵاتییانی ئەو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بكەن و جەختیشی کردەوە هەردوو وەزارەتی كارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەركی گەیاندنی خزمەتگوزاریی كارەبایان بۆ هاووڵاتییان لەسەر شانە.
باسنيوز
