بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ: تاكوو پەكەكە و حەشدی شەعبی لە شنگال دەرنەكرێن ناوچەكە ئاوەدان نابێتەوە
لەمبارەوە نایف سەیدۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێی سەر بە قەزای شنگال، ڕایگەیاند: "تاكوو ئێستا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای شنگال و ناحیەی سنوونێ هەبن سنوورەکە ئارام نابێت، ئێمە لە هەموو چاوپێكەوتنەكانماندا لەگەڵ بەرپرسان داوامان كردووە رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا لەمەڕ ئاساییكرنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت، چارەسەر بۆ سنووری شنگال و دەوروبەری تەنیا ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكەیەتی و دەرچوونی میلیشیا چەكدارەكان و گرووپەکانی سەر بە پەکەکەیە".
ڕوونیشی كردەوە: "تاكوو چەكدارانی پەكەكە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە سنوورەكەمان دەرنەكرێن و هێزەكانی پێشمەرگە نەگەڕێنەوە، ناوچەكەمان قەت ئاوەدان نابێتەوە و ئاوارەكانیش ناگەڕێنەوە، هەروەها دۆخی ئەمنیی ناوچەكەش هەر بە خراپی دەمێنێتەوە".
نایف سەیدۆ، ئەوەشی خستە ڕوو: "هەموو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی سەر بە پەكەكەیە لە سنووری شنگال و دەوروبەری تەنیا سەرقاڵی بازرگانیكردنن و شنگال هاوسنوورە لەگەڵ سووریا و هێڵێكی ستراتیژی هەیە و ئێستاش ئەوان لە گۆڕەپانەكەن و دۆخەكە لەبارە بۆ ئەو كردەوانەی ئەوان و خەڵكی ڕەسەنی شنگال و دەوروبەریشی ئاوارەن".
باسنیوز
