حکوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی چارەسەری کێشەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ دەدات
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ئەمڕۆ دووشەممە ئاشكرای كرد بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لیژنەیەک بۆ چارەسەری كێشەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ پێک هێندراوە و لیژنەكەش بڕیارە لەڕێگەی لایەنە پێوەندیدارەکانەوە كێشەی ئاوی ناوچەكە چارەسەر بكات.
رەمەك رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، راگەیاند: "دوای ئەوەی مانگی 7ی پار بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ نووسراوێكمان بە ژمارە 2287 ئاراستەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم وەزارەتە پێوەندیدارەكان كرد، بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە لە نوێنەرانی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پێكهات."
گوتیشی: "لیژنەكە دوینێ یەكشەممە 17ی1ی2021 بە هاوڕێیەتی بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی بەمەبەستی گوێگرتن لە ئیدارەی قەزا و بەدواداچوونی كێشەكە سەردانی قائیمقامیەتی چەمچەماڵیان كرد و ئێمەش كێشەكانی تایبەت بە ئاوی ناوچەكەمان خستە ڕوو."
قایمقامی چەمچەماڵ ڕاشی گەیاند: "لیژنەكە تەواوی پێشنیازەكانی ئیدارە و فەرمانگەكانی ئاویان وەرگرت و بڕیارە لەڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكە بكەن"
باسنيوز
