هاووڵاتییەکی شنگال: گەڕاینەوە شنگال و لەبەر نەبوونی تەناهی نەمانتوانی بمێنینەوە
موراد شەمۆ، هاووڵاتییەکی ناحیەی گرعوزێر لە قەزای شنگال، ڕایگەیاند: "ئێمە لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوودا گەڕاینەوە سەر ماڵ و شوێنی ژیانی خۆمان، بەڵام بینیمان ماڵمان هەموو تاڵان کراوە، دەرگە و پەنجەرەی گشتی دەرهێنراوە و هیچ شتێک نەماوە، ئەگەر خانووەکەمان تاڵان نەکرابا و خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبا دابین کرابا، ئێمە دەماینەوە، بەڵام هیچ شتێک نەماوە و ئێمەش نەمانتوانی لەوێ بمێنینەوە".
ئەو هاووڵاتییە گوتیشی: "ئێستا گەلێک عەرەبی شیعە گەڕاونەتەوە سنووری شنگال و دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی مەزارگەکانی شیعە لە شنگال کردووە و لە بەرانبەردا مەزارگە و شوێنە ئایینییەکانی کوردانی ئێزدی نۆژەن و چاک نەکراونەتەوە، لەبەر بوونی حەشدی شەعبی زۆر پشتیوانیی شیعەکانی شنگال دەکرێت و خەڵکێکی زۆریان گەڕاونەتەوە سنووری شنگال".
موراد شەمۆ ئاماژەی بەوەش دا: "لەبەر ئەو ڕەوشە ناجێگیرە لە ناحیەی گرعوزێر، من بە ناچاری گەڕاومەتەوە بۆ کۆمەڵگەی شاریا لە قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک و لەوێ ئاوارەم، بەڕاستی ئێمە لەم بارودۆخە بێزار بووین و ئێمە دەمانەوێ ئاسایش و سەقامگیری لە شنگال دابین بکرێت و ئەوکاتە ئێمە دەگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و ئاوەدانی دەکەینەوە".
هەرچەند لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال ڕێککەوتنێک کراوە، بەڵام لەبەر خەمساردیی بەغدا و پابەندنەبوونی گرووپەکانی ناو شەنگال وەک پەکەکە و حەشدی شەعبی و چۆڵنەکردنی سنوورەکە هێشتا ڕێککەوتنەکە نەچووەتە واری جێبەجێکردن و ئاوارەکانی ئەو ناوچەیەش لەبەر ئەو گرووپە نایاساییانە ناویرن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
باسنیوز
