هۆشیار سیوه‌یلی: پشتیوانییەکەی ئه‌مه‌ریكا روونه‌ و دژی بیركردنه‌وه‌ی ئاڵدار خه‌لیلە

هۆشیار سیوه‌یلی: پشتیوانییەکەی ئه‌مه‌ریكا روونه‌ و دژی بیركردنه‌وه‌ی ئاڵدار خه‌لیلە


به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، پشتیوانیی ئەمریکا لە دانوستاندنی لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان دژی بیرکردنەوەی ئاڵدار خەلیلی سەرکردەی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)یە.

هۆشیار سیوه‌یلی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی راگەیاند، ”دەتوانم بڵێم“ گفتوگۆی لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی کورد بەرامبەر رژێمی سووریا، بە سەرپەرشتیی ئەمریکایە.

هۆشیار سیوەیلی هەروەها رایگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێزەکانی لە باشووری کوردستان جێگیر کردووە و رێز لە یاساکانی هەرێمی کوردستان ناگرێت، رێگاش نادا هێزی پێشمەرگەی رۆژ، کە لە رۆڵەکانی رۆژئاوای کوردستان پێکهاتووە، بگەڕێتەوە رۆژئاوای کوردستان.

لەبارەی لێدوانی ئاڵدار خه‌لیلی سەرکردەی پەیەدەی باڵی سیاسیی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان، کە هێرشی کردبووە سەر پێشمەرگەی رۆژ، سیوەیلی رایگەیاند، ئەو لێدوانە لە بەرژەوەندیی گفتوگۆی لایەنە کوردییەکان نییە.

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، ئاراستەی کارکردنی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لەگەڵ بیرکردنەوەی ئاڵدار خەلیل نییە.

رۆژی هەینی 15-1-2021، باڵوێزخانەی ئەمریکا لە سووریا، لە پەیجی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی پشتیوانیی دانوستاندنی نێوان هێزە كوردییەكانی سووریا دەكات و بە هیوای بەردەوامبوون و پێشڤەچوونی دانوستاندنەكانە.








باسنیوز
Top