داوای دابینکردنی بودجە بۆ تەواوکردنی بینای دەزگای گشتیی کاروباری مین دەکرێت
تالیب خالید، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مین ڕایگەیاند: "تا ئێستا دەزگای گشتیی کاروباری مین لە بینای کرێدایە و پێش شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، ھەیکەلی بینایەکی تایبەت بە دەزگاکە دروست کرا، بەلام بەھۆی ھاتنەپێشەوەی قەیرانەنەکانەوە تا ئێستا کارەکانی وەستاوە".
گوتیشی: "بەمەبەستی تەواوکردنی بیناکە کە لە شاری ھەولێرە، لە نزیکەوە لە گرفت و پێویستییەکانمان کۆڵیوەتەوە و بەنیازین ڕاپۆرتێک و بە مەبەستی دابینکردنی بودجە بۆ تەواوکردنی، ئاراستەی پارێزگاری ھەولێری بکەین".
تالیب خالید باسی ئەوەشی کرد: "٦٠% ی کارمەندانی دەزگای مین گرێبەستن و خۆشبەختانە دوای داوکاریمان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکانان نیشان دا".
لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مین ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە سەرەتای ئەو مانگەوە دەستیان کردووە بە کردنەوەی خول و پێدانی ھۆشیاری بە کارمەندانی مین بۆ ئەوەی دەست بە پاککردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکان بکرێتەوە، بەتایبەت کە بەھۆی پەتای کۆرۆنا سستییەکی تێ کەوتبوو".
باسنیوز
