نەوت به‌سه‌ر زیاتر له حه‌وت هه‌زار خێزان دابه‌ش ده‌كرێت
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گه‌شه‌پێدانى كۆمەڵایەتیی هەولێر ئاشکرای دەکات، ئەمڕۆ نەوت بەسەر حه‌وت هه‌زار و 700 خێزانی كەمدەرامەت دابەش دەكرێت.
یووسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر ڕاگەیاند: "حه‌وت هه‌زار و 700 بەرمیل نەوت بەسەر خێزانە كەمدەرامەتەكانی سنووری سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر و ڕواندز دابەش دەکرێ، به سوپاسه‌وه نه‌وته‌كه‌ش له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كى هه‌ولێره‌وه دابین كراوه".
باسی لەوەش كرد، پێوەری دەستنیشانكردنی خێزانەكان ئه‌وه‌یه، هەر خێزانێك كە داهاتی مانگانەی لە 400 هەزار دینار كەمتر بێت و توانای دابینكردنی پێداویستیە سەرەكییەكانی ژیانی خۆی وەك خۆراك، جلوبەرگ و شوێنی حەوانەوەی نەبێت، بە تایبەت منداڵانی بێسەرپەرشت، بێوەژنان، خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كان، كرێكاران، بێكاران، كرێچییان و خێزانەكانی بەندكراوان كە داهاتی مانگانەیان لە 400 هەزار دینار كەمترە، لەو هاوكارییە سوودمەند دەبن.
ڕاگەیاندنی ئەم هاوكارییە بۆ سۆران، چۆمان، مێرگەسور و ڕواندز لە كاتێكدایە، كە پێشتر ئەم هاوكارییە بەسەر 23 هەزار خێزانی كەمدەرامەتی ناوەندی هەولێر دابەش كراوە.
باسنيوز
