داقووق.. كشتوكاڵی كەركووك بە پاڵپشتیی هێزە سەپێندراوەكان ڕووپێوی زەویوزاری جووتیارانی كورد دەکەن

داقووق.. كشتوكاڵی كەركووك بە پاڵپشتیی هێزە سەپێندراوەكان ڕووپێوی زەویوزاری جووتیارانی كورد دەکەن
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك، لەگەڵ هێزێكی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لە ناوچەی هەفتەغاری كوردنشینی سەر بەقەزای داقووق لە سنووری پارێزگای كەركووك، دەستیان كردووە بە ڕوپێویی زەوییە كشتوكاڵییەكان و لە بەرژەوەندیی عەرەبە هاوردەكاندا تۆماری دەکەن.

بەپێی زانیارییەكان، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 12/1/2021، وێڕای ناڕەزایی جووتیارانی كوردی ناوچەی هەفتەغار لەسەر ئەو كردەوەیە، بەڵام بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك پێداگیری لەسەر رووپێویی زەوییە كشتوكاڵیی جووتیارانی كورد لە بەرژوەندیی عەرەبە هاوردەكان کردووە.

لەو چوارچێوەیەدا، غەفوور ساڵح، جێگیری پێشوی بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتیی كە خۆشی خەڵكی ناوچەكەیە، ڕایگەیاند: "دوێنێ سێشەممە 12/1/2021، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك چووەتە ناوچەی هەفتەغار بۆ رووپێوی هەندێك زەویی كشتوكاڵی كە ئێستا لە ناوچەكە بەشێك لەو زەوییانە بەدەست عەرەبەكانەوەیە و بەشێكی دیكەشی بەدەست جووتیارانی كوردەوە".

گوتیشی: "جووتیارانی كوردیش رێگرییان كردووە، چونكە عەرەبەكان هاوردەن كە ئێستا هێنراونەتەوە بۆ ناوچەكە، ئەوان بە فەرمانی راكان جبووری پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك گەڕاوتەنەوە و هەندێك زەوی بەدەست كوردەوەیە و هەندێكی بەدەست عەرەبەوە و ئەوەش دیارە كیشەی لێ كەوتەوەتەوە، بەڵام دوێنێ ڕووپێوی زەوییەكان كراوە".













باسنیوز


Top