پلە بەرزكردنەوەی پێشمەرگە دەست پێ دەكاتەوە

پلە بەرزكردنەوەی پێشمەرگە دەست پێ دەكاتەوە
لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پلەبەرزکردنەوە لە نێو ڕیزه‌كانی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2017 ده‌ست پێ ده‌كات‌ و ساڵه‌كانی دواتریش كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێ.

لیوا باسل محەمەد ، جێگری سەرۆكی ئەركانی بۆ ئیدارە و میرەی گشتی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "ئەمڕۆ یەكشەممە 10ی 1ی 2021 فەرمانی پلە بەرزكردنەوە و تەرقییەی پێشمەرگە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە نێدرایەوە وەزارەتی پێشمەرگە".

ئاشكراشی كرد ئەو فەرمانە پلەبەرزركردنەوەی ساڵی 2017 ی هێزەكانی پێشمەرگەیە و ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە پلەكانیان بەرزكراوەتەوە، گوتیشی" پلەبەرزكردنەوەی ساڵەكانی تریش واتا ساڵی 2018 و 2019 و 2020یش كاریان لەسەر دەكرێت و دەنێردرێت بۆ ئەوەی فەرمانی بۆ دەربكرێت".

پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی پێشمەرگەی کردبوو، لەو كۆوبونەوەیەدا سەرۆكی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا پلەبەرزکردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2017 جێبەجێ بکرێت و پلەبەرزکردنەوه‌کانی داھاتووش، بە پێی میکانیزمی نوێ و دوای وردبوونەوەی زیاتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: "جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە خەمی پێشمەرگەدایە و فەرمانی كردووە كێشەكانی پێشمەرگە چارەسەر بكرێت".

بەرزكردنەوەی پلەی پێشمەرگە بە گوێرەی پلەكانیان لە نێوان 3ساڵ بۆ 4 ساڵ، تا دەگاتە 6 ساڵ جارێك، بەگوێرەی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە 38ی ساڵی 2007، مولازم و مولازمی یەك سێ ساڵ جارێك، نەقیب تا عەمید چوار ساڵ جارێك، لیوا تا فەریق شەش ساڵ جارێك پلەیان بەرز دەكرێتەوە.









باسنیوز


Top