لە سلێمانی 18 تۆن تووتنی نێرگەلەی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرداگیرا

لە سلێمانی 18 تۆن تووتنی نێرگەلەی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرداگیرا
قایمقامییەتی سلێمانی دەستی بەسەر 18 تۆن تووتندا گرتووە و دەڵێت، بەهۆی بەسەرچوونی ماوەکەی و نەشیاوی بۆ بەکارهێنان، لیژنەی کۆگاکانی قایمقامیەت دەستی بەسەر بڕێکی زۆر توتن (معسل)ـی نێرگەلەدا گرتووە.

لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی بەسەرچوونی ماوەکەیی و نەشیاوی بۆ کێشان، لەلایەن لیژنەی کۆگاکانەوە لە ناوچەی راپەڕینی شاری سلێمانی دەستی بەسەر زیاتر لە سێ هەزار کارتۆن تووتنی نێرگەلەدا گرتووە.

بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان ئەو توتنی نێرگەلەی بەسەردەچێت شیرینیەکە لەتووتنەکە جیادەبێتەوە و ناوەندێکی باشە بۆ گەشەکردنی بەکتریا و کەڕو کردن، ئەمەش زیانە تەندروستییەکەی بۆ بەکارهێنەرانی زیاتر دەکات.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەشڵێت: بەپێی تایبەتمەندی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەو کاڵاوشمەک و خواردەمەنیانەی لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن، "پێویستە بەرواری دروستکردن و بەسەرچوونی بەشێوەی لێزەر لەسەر لیبڵەکەی هەڵکۆڵرابێت و لەکاتی نزیکبوونەوەی بەسەرچوونیدا لەلایەن دووکان و بازرگانەکانەوە کۆبکرێتەوە و بە هاووڵاتیان نەفرۆشرێت، بەپێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.

قایمقامییەتی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەو 18 تۆن تووتنە ماوەبەسەرچووەی کە دەستی بەسەردا گیراوە هەمووی لەناو دەبرێت و خاوەنەکەیشی رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.


ئەو جۆرە تووتنە بەسەرچووەی دەستی بەسەرداگیراوە، وێنە؛ قایمقامییەتی سلێمانیئەو جۆرە تووتنە بەسەرچووەی دەستی بەسەرداگیراوە، وێنە؛ قایمقامییەتی سلێمانی

نێرگەلەکێشان بووەتە خوویەکی ئاسایی و تێکەڵ بە ژیانی رۆژانەی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگە بووە. ئێستا لە هەرێمی کوردستان زۆربەی کافتریاکان نێرگەلەیان تێدا دەکێشرێت. زۆرینەی بەکارهێنەرانیشی گەنجانن.

بە پێی توێژینەوە زانستیەکان، لە هەر مژێکی نێرگەلەدا نزیکەی چوار هەزار ماددەی ژەهراوی تێکەڵ بە لەشی مرۆڤ دەبن و کاریگەرییەکی زۆر مەترسیدارتری لە جگەرەکێشان هەیە. کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ وەک یەکەمین سەنتەر لە کوردستان و عێراق بۆ وازهینان لە جگەرە و نێرگەلەکێشان دەرگەیەکی نوێیە بۆ رزگاربوون لە دووکەڵە ژەهراویەکان.

د. مەتین عەبدولڕەزاق، پزیشکی گشتییە و لە کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ کاردەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "نەخۆشەکە دەبێت ویستی بەهێزبێت و خۆی بڕیاربدات کە واز لە نێرگەلە و جگەرەکێشان بهێنێت. کە بڕیارەکەیدا، پزیشکەکانمان لەگەڵی دادەنیشن بۆئەوەی بەشێوەیەکی تەندروست وازبهێنێت بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر تەندروستیی خۆی دروستببێت".

ئەو جۆرە تووتنە بەسەرچووەی دەستی بەسەرداگیراوە، وێنە؛ قایمقامییەتی سلێمانیئەو جۆرە تووتنە بەسەرچووەی دەستی بەسەرداگیراوە، وێنە؛ قایمقامییەتی سلێمانی


کۆرۆنا چی بە کەسانی نێرگەلەکێش دەکات؟

توێژەران لە سەنتەری زانستی پزیشکی لە زانکۆی تەکنیکی تەکساس بۆیان دەرکەوتووە کەسانی جگەرەکێش و نێرگەلەکێش ئەگەر تووشی کۆرۆنا ببن، ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دەماغ زیاتر دەبێت.

پێشتر زانکۆی تەکنیکی تەکساس راپۆرتیان لەسەر ئەوە بڵاوکردبووەوە کە جگەرەکێشان یاخود بەکارهێنانی هەر ئامێرێک کە تۆباکۆ لەخۆدەگرێت، ئەگەری هەوکردنێکی قورس بەهۆی ڤایرۆسەوە زیاتر دەکات.

توێژەران ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە، جگەرەکێش یا نێرگەلەکێش کە تووشی کۆرۆنا دەبن، گوشارێکی زۆریان لەسەر سیستەمی دەماری لە مێشکدا دروستدەبێت، لەشوێنێک بۆیان روونبووەتەوە کە 36.4٪ی ئەوانەی جگەرەکێشن و تووشی کۆرۆنا دەبن، نیشانەی تەسکبوونەوە و خوێن مەین بە دەمارەکانی مێشکیانەوە دەرکەوتووە.

لە پشکنینێکی دیکە بۆیان دەرکەتووە پێنج کەس کە تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 40 ساڵاندا بووە، دوای تووشبوونیان بە کۆرۆنا بەهۆی مەینی خوێن لە خوێنبەرەکان لەنێو مێشکیان تووشی جەڵتەی دەماغ بوونە.

توێژەران روونیدەکەنەوە جگەرەکێشان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی ئۆکسجین لەنێو خوێندا، بە کەمبوونەوەی ئۆکسجین پاڵنەرەکانی خوێنمەیاندن باشتر زیاددەبن و خوێنبەرەکان تووشی خوێنمەیاندن دەبن.

دوای تووشبوون بە کۆرۆنا و زیادبوونی پرۆتینەکانی خوێن مەیاندن، ئەگەری جەڵتەی دەماغ زیاتردەبێت.
rudaw -
Top