پەرلەمانتارێکی کوردستان: بڕیارەکانی چاکسازی پەیامی دڵخۆشکەرن بۆ دەربازبوون له قەیرانی دارایی

پەرلەمانتارێکی کوردستان: بڕیارەکانی چاکسازی پەیامی دڵخۆشکەرن بۆ دەربازبوون له قەیرانی دارایی
ئەندامێکی لێژنەی دارایی و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند، چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵخۆشکەرن و هەنگاوی گرنگن بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی دارایی.

ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان ڕايگەیاند، بڕینی دوو مووچە و مووچە نایاساییەكان و كاراكردنی سیستەمی بایۆمەتری و پێداچوونەوە بە گرێبەستی ھەموو ئەو كۆمپانیایانەی كە لە دەروازە سنوورییەكان خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن، ”رێککاری دڵخۆشکەرن و خەڵک پێشوازی لێ دەکات“.

ئەرشەد لۆلانی هەروەها رایگەیاند، ناردنی ھێزێكی ھاوبەشی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ بنبڕكردنی قاچاغی لە دەروازە سنوورییەكان، پێداچوونەوە بە لیستی شەھیدان و پێشمەرگە و ناوخۆ و یەكەكانی پاسەوانی و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، ”بڕیاری باشن و پشتیوانی لێ دەکەین".

ئەو پەرلەمانتاره پێیوایه ئەو چاکسازییانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیادەی دەکات وادەکات دۆخی دارایی باشتر بێت، ”لەگەڵ ئەو چاکسازییانە و چەند ھۆكارێكی وەک بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.

ئەرشەد لۆلانی جەختی لەوە کردەوە، چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵخوشکەرن، ”بڕیارەکانی چاکسازی پەیامی دڵخۆشكەرن و وادەکەن لەم قەیرانە داراییەی هەیه دەرباز بین و بۆ دۆخێكی باشتر هەنگاو بنێین“.












باسنيوز


Top