پۆلیسی خورماتوو لەسەر كوشتنی مێردمنداڵێكی كورد راگەیاندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەت دەكاتەوە

پۆلیسی خورماتوو لەسەر كوشتنی مێردمنداڵێكی كورد راگەیاندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەت دەكاتەوە
پاش ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی كردەوە، بكوژی مێردمنداڵێك لە سنووری خورماتوو دەستگیركراوە، ئەمڕۆ بەرێوەبەری پۆلیسی خورماتوو رای گەیاند، هێشتا هیچ كەسێك دانی بە كوشتنی ئەو مێردمنداڵەدا نه‌ناوه‌، كە بەر لە چەند رۆژێك لە سنووری خورماتوو كوژرا.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7/1/2021، عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو، رایگەیاند: "دووكەس لەسەر كوشتنی مێردمنداڵێكی كورد دەستگیر كراون، بەڵام هێشتا دانیان بە تاوانی كوشتنی ئەو مێردمنداڵەدا نه‌ناوه‌، كە بەر لە چەند رۆژێك لە چەمی ئاوەسپی لە سنووری خورماتوو كوژرابوو".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لە كاتی دانپێدانانی تۆمەتباران بە تاوانەكانیاندا، مێدیا و ڕای گشتی ئاگه‌دار ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ئەو لێدوانەی بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو، لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی كردەوە، كەسێكیان ده‌ستگیر كردووه‌ كە هاوڕێی كوژراوەكەیە و هاوڕێكەی خۆی كووشتووە و دانی ناوە بە تاوانەكەیدا ناوه‌.

رۆژی یەكی ئەم مانگە، لە چەمی ئاوەسپی لە سنووری خورماتوو، تەرمی مێردمنداڵێكی كورد بە ناوی عەبدولكەریم ئەسعەد دۆزرایەوه‌، كە بە چەقۆ كوژرابوو.












باسنيوز


Top