خورماتوو.. زانیاریی نوێ لەبارەی ئەو گەنجەی كە شەوی ڕابردوو کوژرا بڵاو کراویەوە

خورماتوو.. زانیاریی نوێ لەبارەی ئەو گەنجەی كە شەوی ڕابردوو کوژرا بڵاو کراویەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە هاوڕێیەکی ئەو گەنجەی كە بەدەستڕێژی گوللە درەنگانی شەوی رابردوو لە خورماتوو كوژرا ڕای گەیاند کە ئەو گەنجە وەزشوان بووە و پیشتریش برایەکی تری لە خورماتوو کوژراوە.

بەكر عەلی، هاوڕێی گەنجە کوژراوەکە ڕایگەیاند: "پشتیوان كەریم قادر كە بەداخەوە درەنگانی شەوی رابردوو كوژرا، گەنجێكی خۆشەویست بوو و ئەو یاریزانی تیپی وەرزشیی (كوردستان) بوو بۆ تۆپی پێی، هەروەها پاسەوانی مەكۆی بزووتنەوەی گۆڕان بووە خورماتوو و پێشتریش برایەكی بەناوی (ئازی) هەر لە خورماتوو كوژراوە".

گوتیشی: "ئەو شوێنەی كە پشتیوانی لێ كوژراوە لە خورماتوو ناوچەیەكی توركمان نشینی شیعە مەزهەبن و بەشێك لە گەنجانی ئەو گەڕەكە چەكداری حەشدی توركمانین".

پێشتر عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو ڕایگەیاندبوو كە ئەو گەنجە لەلایەن چەند چەكدارێكەوە لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو كوژراوە و لەبارەی ئەو تاوانەوە لێكۆڵینەوەیان دەست پێ كردووە.

بەپێی زانیارییەكان تاكوو ئێستا كەس لەسەر تاوانی كوشتنی ئەو گەنجە كوردەی خورماتوو دەستگیر نەكراوە و كوشتنی ئەو گەنجە هاووڵاتییانی كوردی شارەكە زۆر تووڕە كردووە و گومان دەكرێت كە لەلایەن چەكدارانی حەشدی توركمانییەوە کوژرابێت.










باسنیوز



Top