بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر قەدەخەی نیمچەیی هاتووچۆی درێژکردەوە
هاوسەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "قەدەخەی نیمچەیی هاتووچۆ، کە لە هەموو ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا سەپێندراوە، بۆ ماوەی 15 رۆژ درێژدەکرێتەوە، لە بەیانیی رۆژی سێشەممە 5ی کانوونی دووەمەوە تاوەکو 19ی کانوونی دووەمی 2021".
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "رێگە بە کردنەوەی هەموو شوێنە بازرگانییەکان و شوێنەکانی فرۆشتنی خۆراک و سەوزە دەدرێت، بەو مەرجەی کاژێر 05:00ی ئێوارە دابخرێن، بەڵام ئەو بڕیارە بازاڕە گەورەکان ناگرێتەوە، وەکو بازاڕی هەینی، بازاڕی یەکشەممە و ئەوانی دیکە".
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوەی خستووەتەڕوو "هەموو قوتابخانە، زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن بە رەچاوکردنی خۆپارێزی و رێکارە تەندروستییەکان دەکرێنەوە، هاوکات رێگە بە هاتووچۆی پاسەکان دەدرێت بێنە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و لەو ناوچانەشەوە بەرەو ناوچەکانی دیکە بڕۆن، بەڵام هەموو شوێنەکانی خوداپەرستی دادەخرێن، ئەو بڕیارەش تەنیا بۆ نوێژی هەینی و نزای یەکشەممە جێبەجێ ناکرێت".
بەپێی ئامارەکانی دەستەی تەندروستیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، تاوەکو ئێستا هەشت هەزار و 113 کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کە هەزار و 150 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و 276 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -
