روونکردنەوە لەبارەی سەرهەڵدانی وشكەساڵیی لە هەرێمی كوردستان دەخرێتە روو
ئەمڕۆ سێشەممە 5ی1ی2021، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان لە بارەی دەنگۆیەكانی سەرهەڵدانی وشكەساڵیی لە هەرێمی كوردستان، رایگەیاندووە: "بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە وا هەن و ئەو پێشبینیانەی کە دەکرێتن دەتوانین بڵێین وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ جیاوازبووە لەگەڵ ساڵانی پێش خۆی بەهۆی ئەوەی باران لەسەرەتا دواکەوت".
ئەوەشی خستووەتە روو، کە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانبارین تا رادەیەک باریوە، بەڵام بەهۆی ئەو ماوەیەی کە باران نەباریوە دڵەراوکێی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.
دەشڵێت: پێشبینی دەکرێت لە ناوەراستی ئەم مانگەوە دووبارە وەرزی زستان خۆی نوێبکاتەوە و دوو تا سێ نزمە پاڵەپەستۆ بێتە ناوچەکەمان ئەمەش دەبێتە هۆی بارانبارین و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان کە ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ ئەو رێژەی کە پێشتر باریوە.
ئاماژەشی بەوەدا، کە بوونی ئەو گومانانەی گوایە وشکە ساڵی لە هەرێمی کوردستان هەیە دوورە لە راستییەوە، بەڵکو وەزری بارانبارین ماوە.
باسنيوز
