پەكەكە لەبری چۆڵكردنی شنگال جلوبەرگ و بارەگاكانیان گۆڕیوە

پەكەكە لەبری چۆڵكردنی شنگال جلوبەرگ و بارەگاكانیان گۆڕیوە
ئەمڕۆ سێشەممە قایمقامی شنگال ئاشكرای كرد لە دوای بە ناو جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگالی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، هێزەكانی پەكەكە لەبری بەجێهێشتنی شنگال، تەنها جلوبەرگ و بارەگاكانیان گۆڕیوە و لە شارەكە ماونەتەوە.

مەحما خەلیل قایمقامی شنگال لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (سپۆتنیك)ی رووسی رایگەیاندووە لە دوای راگەیاندنی دەستپێكردنی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامەی شنگال، تەنها چەند ڕێوشوێنێكی ڕووكەش گیراوەتەبەر.

مەحما خەلیل ئاماژەی بەوەش داوە كە هیواخواز بوون ڕێككەوتننامە مێژووییەكەی شنگال وەكخۆی جێبەجێ بكرێت، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە تا ئێستا تەنها بە ڕووكەش چەند ڕێوشوێنێك گیراوەتەبەر، بۆ نمونە چەكدارانی پەكەكە تەنها جلوبەرگی خۆیان گۆڕیوە و بارەگاكانیان گواستووەتەوە شوێنی تری ناو شاری شنگال، ئەمەش لە كاتێكدایە كە دەبوایە بە پێی ڕێككەوتنەكە، ئەم هێزانە شارەكە بە تەواوی چۆڵ بكەن.

قایمقامی شنگال ئەوەشی گوتووە كە بوونی هێزێكی ناعێراقی وەكو پەكەكە، بە تەواوی پێچەوانەی دەستووری ئەم وڵاتەیە.

لەبارەی ژمارەی ئەو ئاوارە كوردە ئێزیدییانەش كە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان گوتی "تا ئێستا تەنها نزیكەی 18%ی ئاوارە ئێزیدییەكان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەشێكی هۆكاری نەگەڕانەوەی زیاتر لە 80%ی ئاوارەكان بوونی هێزەكانی پەكەكە و ناكۆكیی سیاسی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانە لە شنگال".












باسنيوز


Top