پاسدارانی ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی کۆریای باشووردا گرت
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور رایدەگەیەنێت، هەوو هەوڵێک بۆ سەلامەتیی تیمی کەشتیوانی و رزگارکردنی کەشتییەکەیان، دەدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 5-1-2021، خاتوو کانگ کیونگ هوا، وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، حکوومەتەکەی هەوڵ دەدات لەڕێی باڵوێزخانەی ئێران لە سیئۆڵ و باڵوێزخانەی کۆریای باشوور لە تاران، زانیاری لەبارەی دوایین پەرسەندنەکانی دەست بەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی وڵاتەکەی، وەربگرێت.
کانگ کیونگ هوا هەروەها رایگەیاندووە، هێشتا زووە قسە لەبارەی هۆکاری دەست بەسەرداگرتنەکە بکەن، لەکاتێکدا دەگوترێ بەهۆی سڕکردنی سامانی بانکێکی ئێرانی لە بانکێکی کۆریای باشوور، سوپای پاسدارانی ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکەی کۆریای باشووردا گرتووە.
وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ ئازادکردنی کەشتییەکە و تیمی کەشتیوانییەکەی خستووەتە گەڕ.
بڕیارە بەرپرسی بەشی ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بانگهێشتی سەعید شبیستاری، باڵوێزی ئێران لە سیئۆڵ بکات، بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەبارەی دەست بەسەرداگرتنی کەشتییەکەی وڵاتەکەی لەلایەن پاسدارانەوە، بدات.
رۆژی دووشەممە 4-1-2021، سوپای پاسداران رایگەیاند، بەهۆی ”هەڵگرتنی ماددەی کیمیاوی، کە ژینگەی ئاویی کەنداو پیس دەکات“، لە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری کۆریای باشووردا گرتووە.
کەشتییەکەی کۆریای باشوور، کە ناوی (MT Hancock Kimi)یە، حەوت هەزار و 200 تۆن ماددەی ئیسانۆڵی لە بەندەری جبیل لە سعودیە بارکردبوو و بڕیاربوو بیگوازێتەوە وڵاتەکەی.
باسنيوز
