بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر لەبارەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا ڕوونكردنەوە دەدات

بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر لەبارەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا ڕوونكردنەوە دەدات
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر لەبارەی پێدانی كاتژمێرەكانی پێدانی کارەبا و چەند پڕۆژەیەكی گرنگی دیکە ڕوونكردنەوە دەدات.

ئەندازیار حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر رایگەیاند: "ئێستا بەشی هەولێر لە تۆڕی كارەبای هەرێمی كوردستان هەزار و 100 بۆ هەزار و 150 مێگاوات كارەبایە، کە بە تێكڕ بایی 12 بۆ 13 كاتژمێری كارەبای نیشتمان دەكات، بەڵام ئەو شوێنانەی كێشە تەكنیكیان هەبێت، كەمتر لەو بڕەیان پێ دەگات".

ئاماژەی بەوەش دا: "دوای ئەوەی وێستگەی كارەبای هەڵمی دەستی بە كار كردووە، 10%ی بەرهەمی كارەبای هەولێر زیاد بووە و هاوکات 15 پڕۆژەی جیاجیای كارەبا لە هەولێر جێبەجێ دەكرێن کە هەندێكیان لە تەواو بووندان".

حوسێن حەمەد لەبارەی پرۆژەکان گوتی: "چوار پڕۆژەی گرنگمان هەیە کە بەرەو تەواوبوونن، پڕۆژەكانیش بریتین لە راكێشانی هێڵی كارەبا و وێستگەی كارەبا، بۆ مانگی 3ی ئەمساڵ، سێ وێستگەمان بە تەواوی تەواو دەبن، دوو وێستگەی مۆبایل لەنێو پڕۆژەكانە، لەگەڵ دەرهێنانی فیدەرەکانی چەند وێستگەیەک لەناو شاری هەولێر، بەتەواوبوونی ئەو پڕۆژانە تاڕادەیەکی باش کێشەی بارگرانیی سەر تۆڕەکانی کارەبا لە هەولێر چارەسەر دەبن".

بەڕیوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر ئاشكراشی كرد: "بوودجەی ئەو 15 پڕۆژەیە بایی ملیارێك و 850 ملیۆن دینارە".

بەرێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر جەختیشی كردەوە: "ئەم كابینەیەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە ژێرخانی كارەبا دەدات و پڕۆژەكانیش بە ئاڕاستەی خزمەتكردنی هاووڵاتییانن".













باسنیوز
Top