وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن: گرانبوونی نرخی کارتی مۆبایل و هێڵەکانی ئینتەرنێت دوورە لە ڕاستییەوە
دیلان ڕەشاد، گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان راى گەیاند: "دواى ئەوەى حکوومەتى عێراق بڕیارى زیادکردنى باجى بۆ زۆربەى کاڵاکان بە ڕێژەى 15 بۆ 18%، داوە، لەبارەى گرانکردنى نرخى کارتى مۆبایل و هێڵەکانى ئینتەرنێت لە هەرێمى کوردستان دەنگۆیەک بڵاو بووەوە، ئێمە راستەوخۆ پەیوەندیمان بە سەرجەم کۆمپانیاکانى گەیاندنەوە کرد و داوامان کرد بە لە بەرچاوگرتنى دۆخى ئابووریى هاووڵاتییانى هەرێمی کوردستان، نرخى کارت گران نەکەن، بەتایبەت هەردوو کۆمپانیاى کۆڕەک و ئاسیا کە بە کارهێنەرێکى زۆریان هەیە".
راشی گەیاند: "بە سوپاسەوە زۆربەى کۆمپانیاکان گەیاندن لە بوارى مۆبایل و هێڵەکانى ئینتەرنێتدا بەڵێنییان داوە نرخى کارت گران نەکەن و وەکوو خۆى بمێنێتەوە" .
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەى بەوەش کرد: "هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە بەهیچ جۆرێک نرخى کارت گۆڕانکارى بەسەردا نایەت و هەر بە دیناریش دەبێ وەکوو پێشتر، بۆیە پێویستە لە هەموو شوێنێک کارتەکانى مۆبایل و ئینتەرنێت بە هەمان نرخى جاران بفرۆشرێن و لە ئەگەرى زیادکردنى نرخ لایەنى پەیوەندیدار ئاگادار بکرێتەوە".
باسنیوز
