لە حەسەکە و سەرێکانی تەقینەوە کرا؛ کوژراو و بریندار هەن
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سەرێکانی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک بازاڕی سەوزەفرۆشان تەقیوەتەوە و پێنج کەس کوژراون کە سیانیان سڤیلن و ژنێک و منداڵێکیشیان لەنێودایە.
هەروەها لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەی سەرێ کانیدا چوار کەس بریندار بوون و چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی بەرکەوتووەکان زیاتر ببێت.
شارەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی لە مانگی 10ی 2019دا کەوتنە ژێر دەستی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.
هەر رۆژی شەممە 2021/01/02 لە بازاڕی کرێکارانی حەسەکە چەکدارێکی میلیشیاکانی سەر بە حکومەتی سووریا کە ناوی حوسێن عەسافە بۆمبێکی لەنێو خەڵکدا تەقاندەوە و لە ئەنجامدا 19 کەس بریندار بوون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و کەسێکیش کوژرا.
ڤیڤیان فەتاح پەیامنێری چووە نەخۆشخانەی حمکێی حەسەکە کە 17 بریندار بۆ ئەوێ گوازرابوونەوە و رایگەیاند کە رەوشی شەش کەس لە بریندارەکان ناجێگیرە.
شایەتحاڵێک کە لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێت گوت: "سەرەتا دەنگی گولـلە بیسترا. چەند میلیشیای چەکدار دوای چەکدارێک کەوتن و تەقەیان لێ کرد، بەو هۆیەوە ژمارەیەک سڤیل بریندار بوون."
بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو چەکدارەی بۆمبی هەڵداوەتە نێو خەڵک لەلایەن ئاسایشی نەهێشتنی تاوانی حکومەتی سووریاوە گیراوە.
rudaw -
