لە ئاگرەکەی کەمپی چەمشکۆدا 13 هەزار دۆلاری ماڵێکی ئاوارە دەسووتێت

لە ئاگرەکەی کەمپی چەمشکۆدا 13 هەزار دۆلاری ماڵێکی ئاوارە دەسووتێت
ئاگر لە کەمپی چەمشکۆی سنووری قەزای زاخۆ کەوتەوە، ئاگرەکە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام 12 چادر بە تەواوی سووتان کە یەکێک لە ماڵەکان 13 هەزار دۆلاریان تێیدا سووتاوە.

ماڵی عوبەید 13 هەزار دۆلاریان لە چادرەکەیاندا سووتاوە کە 15 رۆژ لەوەوپێش زێڕی ماڵەوەیان فرۆشتووە و ویستوویانە لە شنگال خانووەکەیان ئاوەدان بکەنەوە.

عوبەید شەمۆ سێ ساڵە پێشمەرگەی پاراستنی ئێزیدخانە و لەگەڵ ماڵی باوکیدا پێکەوە دەژین و ماڵباتەکەیان 12 کەسن و لەژێر ئەو چادرەدا بوون.

عوبه‌ید شه‌مۆ، ئاوارەی شنگالە و دەڵێت: "ئەو پارەیە بەرهەمی ماندووبوونی باوکم بوو کە لە کارگەی چیمەنتۆ لە سلێمانی کاری دەکرد و هەموو پارەکە و پێناس و وڵاتینامە و پاسپۆرتیان سووتا."

هۆکاری رووداوەکە بۆ شۆرتی کارەبا دەگەڕێنرێتەوە. بە گوتەی کارگێڕیی کەمپەکە زیانی ناوماڵی هەر ماڵباتێک زیاتر لە پێنج هەزار دۆلارە، سەرەڕای زیاتر لە 40 هەزار دۆلار و زێڕ.

ئیسماعیل خشمان، چادری سووتاوە و دەڵێت: "شتێکمان بۆ بکەن و چادرمان بۆ دابین بکەن. هەندێک شتمان بدەنێ، ئێمە ناتوانین هەر لە ماڵی خەڵکیدا بین."

لەلایەن خەڵکی کەمپەکەوە سندووقێکی هاریکاری بۆ سێ رۆژ دانراوە. هەر ماڵێکی زیانلێکەوتوو ماڵە دراوسێیەکی گرتوویەتیە خۆی تاوەکو چادریان بۆ دابین دەکرێت. بە گوێرەی کارگێڕیی کەمپەکە لە هەفتەیەکدا چادریان بۆ دابین دەکەن.

کەمپی چەمشکۆ زیاتر لە 25 هەزار خێزانی ئاوارەی شنگالی تێدا دەژی کە یەکێکە لە گەورەترین کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک.
rudaw -
Top